کامە جۆری باشە؟
هەڵبژاردن بازاڕی کۆسەرەی گەرم کردووە
964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک
دوو رۆژە بازاڕی ئامێری کۆسەرەی بڕینەوەی ئاسن لە کەرکوک گەرم و گوڕ بووە و داواکاری زۆرە بە تایبەت کۆسەرەی شەحن.
هەندێک لە کاسبکاران کۆسەرە دەکڕن تا زوو فریا بکەون و فرسەت لە ئاسنی فلێکسەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بهێنن، کە سبەی لە کەرکوک و پارێزگاکانی عێراق بەرێوەدەچێت.
هەموو جارێک لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن لە کەرکوک و شارەکانی دیکەی عێراق ئەوانەی ماتۆڕی سەتوتەیان هەیە، دەست دەکەن بە بڕینەوەی ئاسنی فلێکسی کاندیدەکان و لە بازاڕ بە حیسابی کۆنە ئاسن دەیفرۆشنەوە.
هەوار محەمەد، کە لە گەراجی کڕینی ئاسن و پلاستیکی کۆن کار دەکات بە 964ـی وت، ئێمە وەک ئاسنی کۆن لە خاوەن سەتوتەکانی دەکڕینەوە بە نرخی 350 دینار بۆهەر کیلۆیەک.
محەمەد مالک لە پێشانگای مالک بۆ فرۆشتنی کەل و پەل و ئامێرە کارەباییەکان بە 964ی وت، چەند رۆژێکە خواستی زۆر لە سەر کۆسەرە هەیە و کۆسەرەی شەحن لە جۆرەکانی دیکە باشتر سەرف دەبێت.
سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی کەرکوک بە 964ـی وت، لابردنی فلێکسی کاندیدەکان کاری ئێمە نییە و دەبێت لیستەکان خۆیان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان لایببەن، ئەگەر دوای هەڵبژاردنەکان لاینەبەن سەرپێچییەکان تۆمار دەکەین و رادەستی کۆمیسیۆنی دەکەین.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین