وەزیر و بریکارى وەزارەتى تێدایە

ئەمساڵ لە هەرێمى کوردستان 78 کەس لەسەر گەندەڵى سزادراون

964+

وریا فەتاح

دەستەى دەستپاکى ئامارى کەیسەکانى گەندەڵى راگەیاند و  78 کەس کە وەزیر و بریکارى وەزارەتى تێدایە، لەسەر گەندەڵى سزادراون، سەرۆکى دەستەکەش بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: گەندەڵى زیادى کردووە.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەى دەسپاکى هەرێمى کوردستان، ئامار و راپۆرتى کەیسەکانى گەندەڵى بۆ ساڵى 2023 راگەیاند و تێیدا دەردەکەوێت، لەمساڵدا 1010 کەیسى گەندەڵى لێکۆڵینەوەیان بۆکراوە و لەو ژمارەیە 230 کەیس رەوانەى دادگا کراون و نزیکەى 500 کەیسیش بەڵگەى پێویستى نەبووە و رەتکراوەتەوە.

زانیارى و داواى هەواڵدەرى بۆ کەیسەکانى گەندەڵى، لە رێگەى ئیمەیل و هێڵى گەرمەوە، ئاراستەى دەستەى دەستپاکى دەکرێت، لەلایەن دەستەکەشەوە بەدواداچونى بۆ دەکرێت، بە وتەى ئەحمەد ئەنوەر، ئەگەر بەڵگەى پێویست نەبوو دۆسییەکە دادەخرێت و ئەگەر بەڵگە هەبوو رەوانەى دادگا دەکرێت.

بەپێى ئامارەکانى دەستەى دەستپاکى، لە چوارساڵدا 897 کەیسى گەندەڵى رەوانەى دادگاکان کراون، لەو ژمارەیە 30 کەیس دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵى 2019 و 127 کەیس بۆ ساڵى 2019 و 195 کەیسى بۆ ساڵى 2020 و 123 کەیس بۆ ساڵى 2021، هاوکات 180 کەیسی هى ساڵى 2023ن.

هەر بەپێى ئامارەکە، لە ساڵى 2023دا، 242 کەیسى گەندەڵى ڕەوانەى دادگا کراون، بەوتەى ئەحمەد ئەنوەر، بۆ 964، کەیسەکانى گەندەڵى بەراورد بە ساڵانى رابردوو، زیادى کردووە.

لە ئامارەکەى دەستەى دەستپاکیدا ئەوەشخراوەتەڕو لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا  148 تاوانیار سزادراون

23 تاوانباریش ایقاف تەنفیز کراون، واتا ئەو 23 کەسە سودمەند بوون لە یاساى سزادانى عێراقى، چونکە بەپێى یاساکە ئەگەر کەسێک یەکەمجارى بێت لە کەیسێکى گەندەڵى تێوە تێوەگلابێت، دادوەر دەتوانێت سزاکەى بۆ رابگرێت، بەڵام بەوتەى ئەحمەد ئەنوەر، ئەوەى جێگەى هەڵوەستەیە، سەرجەم ئەو پلە تایبەتانەى لە کەیسەکانى گەندەڵى تێوەگلاون هەمان مامەڵەیان لەگەڵکراوە و سزاکانیان راگیراون، ئەو راگرتنەش بۆ ماوەى سێ ساڵە ئەگەر لەو ماوەیەدا هیچ تاوانى تر ئەنجام نەدات، ئەو سزایە بە نەبوو هەژمار دەکرێت.

“وەزیرى و بریکارى وەزارەت سزادراون”

لەمساڵدا، 78 کەیسى گەندەڵى یەکلایى بونەتەوە و ئەنجامدەرانى سزادراون کە یەکێک لەو کەسانە پلەى وەزیفییەکەى وەزیرێکى پێشوى حکومەتى هەرێمە و یەکێکى دیکەش بریکارى وەزارەت و چوار بەڕێوەبەرى گشتى و دو سەرۆک شارەوانى و 13 بەڕێوەبەر و 10 ئەفسەرى هێزى ئەمنى و 22 فەرمانبەر و پارێزەرێک، لە لیستى سزادراواندا بونیان هەیە.