مۆڵەکان دەبنە پەناگەی خانەنشینان
لەلایەن بانکە حکومییەکانەوە بە کرێ گیراون
میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی
خانەنشینانی ناوەندی شاری سلێمانی لە چەند مۆڵێکدا موچەی ئەم مانگەیان وەردەگرن، کە لەلایەن بانکە حکومییەکانەوە بە کرێ گیراون.
میدیازان چاوی بەو مۆڵانەدا گێڕا، ئەوە بیندرا کە بە شێوەیەکی رێکخراو موچە دابەشدەکرێت.
شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی سلێمانی بە میدیازانی وت، دوای دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندیی ھەرێم، چەند گۆڕانکارییەکی کردووە، یەکێک لەوانە بە کرێ گرتنی چەند مۆڵێکە لە ناو شاری سلێمانیدا بە مەبەستی ئاسانکاریی بۆ خانەنشینان.
لە ماوەی رابردوودا، خانەنشینان گرفتیان هەبوو لە وەرگرتنی موچەکانیان، بەوەی لە بەردەم بانکەکاندا بۆ چەندین کاتژمێر دەوەستان و ماندوو دەبوون، تەنانەت لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، زیاتر لە پێنج کەس بەو هۆکارانە گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی سلێمانی باسی لەوەشکرد، بە تەنیا لەو بانکەی ئەواندا، 14 هەزار خانەنشین موچە وەردەگرێت، هەربۆیە کۆدیان بۆ دروستکردوون و دابەشیان کردوون بەسەر چەند مۆڵێکدا.
یەکێک لەو مۆڵانە رەندگەلەریە، میدیازان لەوێ ژمارەیەک خانەنشینی دواند، ئەوان وادیاربوو ئەم سیستمەیان پێ باشتر بێت لە جاران.
یەکێک لە خانەنشینەکان بە میدیازانی وت، “ئەم سیستمی موچە وەرگرتنەم زۆر بە دڵە و نزیکەی 15 خولەکم پێچوو بۆ وەرگرتنی موچەکەم، دەستخۆشییان لێدەکەم”.
لەلایەکی دیکە، ستافێکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی لەو مۆڵە ئامادەبوون، شانیا تاهیر یەکێک بوو لەوان، ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان پشکنینی فشاری خوێن وشەکرە بۆ خانەنشینان دەکەن، هەروەها ئامادەن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.