تۆڕی 964 لەگەڵ 3789 چاودێر رووماڵی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات

+964

ژووری هەواڵ

حەوت تۆڕی گەورەی رێکخراوەکان لەسەرانسەری عێراق چاودێرن بەسەر پرۆسەی دەنگدانەوەو 964 بووەتە تاکە هاوبەشی میدیاییان.
هاوپەیمانێتی تۆڕو رێکخراوە نیشتیمانییەکان ژووری ئۆپەراسیۆنیان پێکهێناوەو زانیارییەکان لەبارەی پرۆسەی دەنگدانەوە دەگوازنەوە، 3789 چاودێریان هەیە لەسەرانسەی عێراق و هەموو چاودێرەکانیش سات بەسات زانیاری بە 964 دەدەن.

هۆگر چەتۆ رێکخەری گشتی تۆڕی شەمس رایگەیاند هەڵبژاردنی 964 وەک هاوبەشی میدیایی بەهۆی ئەوەیە 964 تۆڕێکی پرۆفیشناڵ و بێلایەنەو بەوپەڕی ئەمانەتەوە زانیاری چاودێرەکان دەگوازێتەوە.

تۆڕی شەمس، تۆڕی عەین، رێکخراوی تەمموز، تۆڕی جاف، دامەزراوەی نور، هاوپەیمانی کەمایەتییەکان، گەنجانی باشور، ئەو حەوت تۆڕەن کە هاوپەیمانێتییەکەیان راگەیاندووە.

هاوپەیمانی تۆڕ و رێکخراوە نیشتمانییەکان لە 14ی کانونی یەکەمدا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر بنەمای خۆبەخشانە، ئەندامانی هاوپەیمانی جەختیان لە هەماهەنگی تەواو لەنێوان خۆیان و دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش کردەوە.

رۆژی دووشەممە 18ی مانگ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، 964 بەهەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی رووماڵی چۆنێتی چاودێریکردنی پرۆسەکە دەکات و چیرۆکی وەها دەگوازێتەوە کە لە هیچ میدیایەکی ترەوە نابینرێت، لای خۆمان چاوەکان هەمووی لەسەر کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانن.