22 حاڵەتی لەدایکبوونی دووانە هەبووە
لە سلێمانی لە کۆی 907 منداڵ 402یان بە نەشتەرگەری لەدایکبوون
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
مانگی رابردوو 907 منداڵ لە سلێمانی لەدایکبوون و 402یان بە نەشتەرگەری بووە، پزیشکێک دەڵێت، “دایکەکان تەمبەڵن و نایانەوێت ئازار بچێژن”.
بە پێی ئەو ئامارەی 964 لە تەندروستیی سلێمانیەوە دەستیکەوتووە، لەو 907 منداڵەی کە مانگی رابردوو لە سلێمانی لەدایکبوون، 421یان کوڕ بوون و 486یان کچ بوون.
هەر بە پێی ئامارەکە، 22 حاڵەتی لەدایكبوونی دووانە و 108 لەبارچوونی منداڵ تۆماركراوە.
کانی خدر، پزیشکی ژنان و منداڵبوون بە 964ی راگەیاند، “دایکان تەمبەڵن و نایانەوێت ئازار بچێژن، بۆیە منداڵبوون بە نەشتەرگەری تا دێت لەزیادبووندایە، پزیشکەکانیش بۆ پەیداکردنی پارە هۆکارێکی دیاریی دەکەن”.
بە وتەی ئەو پزیشکە، منداڵبوون بە نەشتەرگەری مەترسی بۆ سەر دایک و کۆرپەکەش هەیە و ئەگەری هەیە دایکەکە تووشی تەقینی رەحم ببێت یاخود منداڵی دیکەی نەبێت.
وتیشی، “هۆکارێکی سەرەکیی زیادبوونی لەبارچوونی منداڵ ئەوەیە، کە دایکانی ئێستا زۆرینەیان بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت و بۆ جاری دووەم یان سێیەم ئەگەری لەبارچوون زۆر زۆرە، ئەوە جگە لەوەی دووگیانی دەرەوەی رەحمیش زیاد دەکات”.
هەر بەپێی ئەو ئامارە بێت، کە تەندروستی سلێمانی بە 964ی داوە، مانگی رابردوو 195 منداڵ لە بەشی نەبەکامی خەوێندراون.
ئەو پزیشکە باسی لەوەش کرد، منداڵبوون بە نەشتەرگەری ئەگەری منداڵی کەمئەندام یان ئۆتیزم زیاتر دەکات.
بە وتەی پشدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی فێرکاری منداڵان کە بۆ 964 قسەی کردووە، ئەو منداڵانەی بە نەشتەرگەری لەدایک دەبن مەترسیی تووشبوونیان بە هەناسەتووندی لەسەرە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر