حاسڵاتی شەو
ئەمریکا و ئیسرائیل 100% لەسەر ئامانجەکانیان کۆکن
964+
ژووری هەواڵ
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیلی وتووە: ئەمریکا و ئیسرائیل 100% لەسەر ئامانجەکانیان کۆکن بۆ لەناوبردنی حەماس و ئەوە راست نییە کە ئەمریکا فشار بکات بۆ راوەستانی شەڕ.
فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتالیا داوایان لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە پلانێک ئامادە بکات بۆ سزادانی حەماس و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی، هاوکات بۆ رێگەگرتن لەو جووانەی هێرش دەکەنە سەر فەڵەستینییەکان.
وەزارەتی تەندروستی غەزە رایگەیاند: ئاماری کوژراوانی فەڵەستین بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە گەیشتە 18205 کەس، 49 هەزارو 645 کەسیش بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل ئاماری زیانەکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەوەتەی هێرشی زەمینییان بۆ سەر غەزە دەستپێکردووە 104 سەربازیان کوژراون و 582 سەربازی تر بریندارن، 133 لەوانە برینەکەیان سەختە.
ناتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبەردەم لیژنەیەکی کنیستی وڵاتەکەی رایگەیاند: ئێمە تاکە لایەنین کە بەرپرسین و مافی ئەوەمان هەیە چەک لە حەماس دابماڵین.
کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازی حەماس رایگەیاند: لە خانیونس شەڕەکە قورسە و رێگریمان لە پێشڕەوی سوپای ئیسرائیل کردووە.