دەست بە کارکردن دەکرێتەوە

لە دوزخورماتوو 13 ساڵە نەخۆشخانەیەک بە تەواونەکراوى جێهێڵراوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

13 ساڵ و 10 رۆژ بەسەر دانانى بەردى بناغەى نەخۆشخانەیەکى 100 قەرەوێڵەیى لە قەزاى دوزخورماتوو تێدەپەڕێت، هەرچەند بڕیار بوو لە دووساڵدا تەواو بکرێت، بەڵام ئەوە تەنیا بڕیار بوو و نەخۆشخانەکە بە نیوەناچڵى جێهێڵدراوە.

هاوڵاتییانى قەزاکە چاوەڕوانى تەواوبوونى نەخۆشخانەکەن، محەمەد جاسم یەکێک لەو هاوڵاتییانەیە کە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، مانگانە چەندین جار بۆ چارەسەری نەخۆشیەکەی دایکم دەبێت رێگەیەکی دوور بگرینە بەر و بچینە شارەکانی تر بۆ وەرگرتنی چارەسەر یان بۆ سەردانی پزیشک، داوا دەکات، چیتر بەڵێنیان پێنەدرێت، بەڵکو پێویستە بە زوویى کارکردن لە نەخۆشخانەکە دەستپێبکاتەوە و تەواو بکرێت.

بەردى بناغەى پڕۆژەکە لە رۆژى 1.12.2011 دانراوە، بڕیار بوو لە ماوەى دووساڵدا تەواو بکرێت، بەڵام وا 13 ساڵە دانیشتوانى دوزخورماتوو لە چاوەڕوانى ئەو نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەن کە بڕى پارەى تەرخانکراوى پڕۆژەکە 35 ملیۆن دۆلارە.

دوورى هەولێر لە دوزخورماتوو نزیکەى 200 کیلۆمەترە، بەڵام خالید مەجید کە هاوڵاتییەکى قەزاکە، بۆ 964 ووتى، “مانگى واهەیە، پێنج جار سەردانى هەولێر دەکەم، بۆ ئەوەى پزیشک هاوژینەکەم ببینێت و نزیکەى نیو ملیۆن دیناریشم پێویستە بۆ خەرجى نەخۆشییەکەى”.

کۆمپانیاى (Yenovaslam ajrsln)ى تورکى، ئەرکى تەواوکردنى نەخۆشخانەکەى لە ئەستۆیە، بەوتەى ویسام رەزا، سەرپەرشتیارى کۆمپانیاکە، کە بۆ 964 قسەى کردووە، دەڵێت: لە کۆتایی ساڵی 2011 دەستکرا بە کارکردن لە دروستکردنی نەخۆشخانە 100 قەروێڵەییەکە، بەڵام بەهۆی سستی بەڕێوەچونى کارەکان پڕۆژەکە راگیراوە.

بەوتەی سەرپەرشتیارى کۆمپانیاکە، 30% کارەکانی پڕۆژەکە تەواو کراوە، بەڵام شەڕى داعش و گرژى و ئاڵۆزییەکانى قەزاکە، هۆکارى تەواو نەبوونى پڕۆژەکە بوون.

بەرزبونەوەى دۆلار کێشەى بۆ پڕۆژەکە دروستکردووە

سەرپەرشتیارى کۆمپانیاکە دەڵێت: تێچووى پڕۆژەکە 35 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئێستا بەهۆى ئەوەى بەهاى دۆلار بەرزە ئەو بڕەى کە لە 2011 دیاریکراوە، بەشى تەواوکردنى ناکات، بۆیە لەگەڵ حکومەتى ناوەندى لەسەرخەتین تا چارەسەرى ئەو کێشەیە بکەین.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دڵنیایى دەدات، لە ساڵى نوێوە دەست بە کارکردن لە پڕۆژەکە دەکەنەوە و لە ماوەى دوو ساڵدا هەوڵدەدەن تەواوى بکەن.

پێداچونەوە؛ وریا فەتاح

قوتابیانی گوندەکانی سنووری خورماتوو پشکنینی تەندروست...

قوتابیانی گوندەکانی سنووری خورماتوو پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت