حاسڵاتی رۆژ
ئیسرائیل کۆتایی مانگی یەک هێور دەبێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە سایتی (ئاکسیۆس)یان راگەیاندووە، ئەمریکا دەیەوێت قۆناغی چڕی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کۆتایی ئەم مانگە بوەستێت، بەڵام ئیسرائیلییەکان وتوویانە هەتا کۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو درێژی دەکەنەوە.
بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل دەڵێن: مەزەندە دەکەن هەتا سێ هەفتەی دیکە ئۆپەراسیۆنەکەیان لە شاری خانیونسی غەزە کۆتایی پێ بهێنن و حەماس بە تەواوی لەو شارە دەربکەن.
کەتیبەکانی قەسام دەڵێن لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا گورزی گەورەیان لە ئیسرائیل وەشاندووەو 21 ئۆتۆمبێل و زرێپۆشی سوپایان تێکشاکاندووە.
رۆژنامەی پۆلەتیکۆی ئەمریکی بڵاویکردەوە: تەنیا یەک لەسەر سێی ئەمریکییەکان پشتیوانی سیاسەتەکانی بایدن دەکەن سەبارەت بە شەڕەکەی غەزە.
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەڵێت: بێدەنگی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بەوەی لە غەزە روودەدات، مانای ئەوەیە هەموو ئەو دەوڵەتانە شەریکن لە تاوانەکەدا.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بڵاویکردەوە: 451 فەلەستینی لەماوەی ئەمساڵدا لە کەناری خۆرئاوا کوژراون، 273 کەس لەوانە لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە کوژراون.