بەهۆی بێ کارییە

ناحیەی ئەتروش تەنیا 100 ماڵی لێماوە و خەڵکەکەی چۆڵی دەکەن

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

خەڵکی ئەتروش دەڵێن، سەدەیەک لەمەوبەر ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی ئەتروش 750 ماڵ بووە و ژمارەی دانیشتوانی لە دهۆک زیاتر بووە، بەڵام ئێستا تەنیا 100 ماڵ لەناو ناحیەکە ماون.

مەعروف ئەتروشی، هاوڵاتیەکی دانیشتووی ناحیەکەیە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ناحیەکەمان بەتەواوی فەرامۆشکراوە و بەشی زۆری شوێنەکانی کۆنن و خزمەتی نەکراوە، خەڵکی ئەتروش بەرەو قەزای شێخان یان دهۆک ماڵیان دەگوازنەوە، چونکە ئیش و کاری لێ نییە.

شێروان محەمەد ئەتروشی، هاوڵاتیەکی دیکەی ئەتروشە دەڵێت، بۆ ئەوەی خەڵک ماڵی بار نەکات گرنگە زەوی لە ئەتروشی نوێ بەسەر هاوڵاتیان دابەشبکرێت.

نەشوان حوسنی، بەڕێوبەری ناحیەی ئەتروش بە 964ی وت، ناتوانین بڵێن خزمەتگوزاری نییە، بەڵام کارکردن و جوڵەی بازاڕ لە ناحیەکە کەمە، ئەو بودجەیەشی بۆ ئەتروش تەرخان دەکرێت لەسەر ژمارەی دانیشتوانە، بۆیە خزمەتگوزارییەکان بەپێی پێویست نین.

بەوتەی بەڕێوبەری ناحیەی ئەتروش داوایان بەرزکردوەتەوە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر هاوڵاتیان لە ئەتروشی نوێ، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێک نییە.

ناحیەی ئەتروشی سەر بە قەزای شێخانە و 81 گوند لە خۆدەگرێت، تێکڕای دانیشتوانی سنوورەکە نزیکەی 10 هەزار کەس دەبێت، یەکێکە لەکۆنترین ناحیەکانی کوردستان لەساڵی 1879 بووەتە ناحیە و لە رابردوودا 750 ماڵ لێ نیشتەجێ بوون، بەڵام ئیستا دانیشتوانەکەی نزیکەی 500 کەس دەبێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

بۆ یەکەمجارە ناحیەی بامەڕنێ دەبێتە خاوەنی پارک

بۆ یەکەمجارە ناحیەی بامەڕنێ دەبێتە خاوەنی پارک