بۆ خواردنەوەش بەکاردێ

شارەزوور: ئاوی بیر لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لێڵ بووە

964+
بڕوا مەجید – شارەزوور

لە پشکنین دەرکەوتووە، ئاوی بیری خواردنەوەی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە قەزای شارەزوور شیاوی خواردنەوە نییە، فەرمانگەی ئاوی قەزاکەش دەڵێ، “ئەوان سەرپەرشتی ئەو بیرە ناکەن “.

بیرەکە سەرەتا بۆ دروستکردنی باڵەخانە و بینای یەکەکان سوودی لێوەرگیراوە، بەڵام دواتر کراوە بە سەرچاوەیەکیش بۆ ئاوی خواردنەوەی 300 ماڵ بەبێ ئەوەی بیرەکە حەوزی هەبێت.

حەلاو عەبدولقادر، دانیشتوویەکی ئەو پڕۆژەیەیە و بە 964ی وت، “ئاوی پڕۆژەکە ئاسایی نییە، ئەمڕۆ ئاویان پێداوین زۆر پیس بووە، ئاوەکە هەم بۆنی هەیە و هەم رەنگی هەیە، بە ناچاری فلتەری ئاومان داناوە یان سۆراغی ئاوی پاک دەیکەین لەو ماڵانەی نزیک پڕۆژەکەن”.

سەرپەرشتیاران و کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە نایانەوێ قسە لەسەر ئاوی بیرەکە بکەن، بە پێی بەدواداچوونی پەیامنێری 964، ئاوی بیرەکە لە پشکنین دەرنەچووە و شیاوی خواردنەوە نییە، سەرکۆ فایەق میراوی بیرەکەیە، ئەو وتی، “بیرەکە پێشتر راگیرابوو، بەڵام بە واژۆی خۆیان دانیشتووانی پڕۆژەکە داوایانکرد، سوود لە ئاوەکەی ببینن، ئێستاش بەهۆی زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی، ئاوی بیرەکە لێڵ بووە”.

رەمەزان عارف، بەڕێوەبەری ئاوی شارەزوور بۆ 964 ئاماژەی بەوەکرد، “فەرمانگەی ئاوی شارەزوور ئاگاداریی رێگەپێدانی بیرەکەیە، ئەگینا سەرپەرشتی ئاوەکە ناکەین، ئەوەشمان پێ وتوون ئەو رێژە ئاوەی ئێوە داوای دەکەن، ناتوانین بۆ پڕۆژەکە دابینی بکەین”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

مەترسی لەسەر دانیشتووانی گەڕەکێکی شارەزوور دروست بووە

مەترسی لەسەر دانیشتووانی گەڕەکێکی شارەزوور دروست بووە