رەچاوی وەزعەکە کراوە
وەزارەتى خوێندنى باڵا: پەلەمان نییە لەوەرگرتنی قیستەکان
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت لە حاڵ و گوزەرانی خەڵک تێدەگەین و پەلە لە خوێندکارانی پارالێل ناکەین قیستەکان بهێنن و داشکاندنی چاکیش دەکەین.
خوێنکارانی پارالێل لەگەڵ پێشکەشکردنی مامەڵەکانیان قیستی یەکەمیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ پێیان وتوون دەتوانن تا ماوەیەکی تر بوەستن، چونکە موچە دواکەوتووە و گوزەرانی خەڵک باش نییە.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە 964ى وت ”دۆخى دارایى خوێندکارانى پارالێل و ئێوارانمان لەبەرچاو گرتووە، بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى خوێندکاران، 45%ى کریى خوێندنى پارالێڵ و ئێوارانمان دابەزاند”.
بەپێى بڕیارەکەى خوێندنى باڵا، ئەگەر خوێندکارێک کرێى خوێندنەکەى یەک ملیۆن دینار بێت، 550 هەزار دینارى لێوەردەگیریت، واتا بەڕێژەى 45%ـى کۆى کرێى خوێندنەکەى لە ساڵێکدا داشکاندنی بۆ دەکرێت.
عەباس ئەکرەم دەڵێت، وەزارەت بڕیاری داوە ئەگەر بارودۆخی داراییش باش بێت ئەوە داشکاندن هەر بەردەوام دەبێت، ساڵانی رابردووش هەر وایان کردووە.
لەسەر ئەوەی خەڵک گلەیی لە گرانی کرێی خوێندن دەکەن، وتەبێژەکەی خوێندنی باڵا دەڵێت ”ئەگەر بەراوردی بکەین ئەوا کرێی خوێندنی باڵا لەوەزارەتی پەروەردە هەرزانترە، منداڵێک لە خوێندنگەیەکى ئەهلى کرێى خوێندنەکەى سێ بۆ پێنج ملیۆن دینار، بەڵام لە وەزارەتى خوێندنى باڵا کرێ زۆر لەوە کەمترە”.