لە سلێمانى هیچ باس نییە

لە سۆران خوێندکارانى زانکۆ دەرماڵەى شەش مانگ بەسەریەکەوە وەردەگرن

964+

ئاکام غەفور – سۆران

ئەمڕۆ سێشەمە، نزیکەى 900 خوێندکارانى کۆلێژی تەکنیکی سۆران، دەرماڵەی شەش مانگی یەکەمى ئەمساڵ بەسەر یەکەوە وەردەگرن، خوێندکارانى زانکۆى سەڵاحەدینیش لە ماوەیەکى نزیکدا سێ دەرماڵە وەردەگرن، لە زانکۆى سلێمانیش جارێ هیچ باس نییە.

ئەو بڕە پارەیەى خوێندکارانى کۆلێژى تەکنیکى سۆران وەریدەگرن، دەرماڵەى مانگى یەک تا مانگى شەشى ئەمساڵە، بۆ هەر مانگێک خوێندکارانی دەرەوەی شار 60 هەزار دینار و خوێندکارانى ناو شارى سۆرانیش 40 هەزار دینار وەردەگرن.

پاکستان حەمەدەمین، راگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران بە 964ـی وت “لە ئەمڕۆوە، خوێندکاران دەتوانن سەردانمان بکەن بۆ وەرگرتنى دەرماڵەى شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵ”.

دابەشکردنی دەرماڵە پەیوەستە بە گەنجینەی ئەو ناوچەیەوە کە دەرماڵەکەی تیا دابەش دەکرێت، عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى بە 964ی وت هەر زانکۆیەک بەپێى تایبەتمەندى خۆى دەرماڵە دابەش دەکات، چونکە هەر زانکۆیەک دەکەوێتە شارێک و خەزێنە و سیستمى دارایى خۆى هەیە، واتا دابەشکردنەکە بەپێى پلانى زانکۆکەیە لەگەڵ خەزێنەى شارەکەى خۆى.

ئەمەی لە سۆران روودەدات هێشتا نەبووە بە نسیبی زانکۆکانی تر، سامان عەبدوڵا، بەرپرسى راگەیاندنى زانکۆى سەڵاحەدین لە هەولێر بە 964ى وت،” ئه‌مڕۆ سێشەممە، ره‌زامه‌ندی بۆ دابه‌شكردنی ده‌رماڵه‌ی خوێندکاران وه‌رگیرا و پاره‌ی پێویستیش له‌به‌ر ده‌سته‌”، بەڵام ئەمەی زانکۆی سەڵاحەدین تەنیا بۆ مانگی ئەمساڵە.

لە زانکۆى سلێمانى دۆخەکە جیاوازە، بەپێى وتەى یۆهان عوسمان حەمە لێپرسراوی ھۆبەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بۆ 964، لەمساڵدا خوێندکارانى زانکۆى سلێمانى هیچ دەرماڵەیەکیان وەرنەگرتووە، چونکە لە سلێمانى کێشە سیولە هەیە، دەشڵێت ”لیستی دەرماڵەى شەش مانگ بۆ خوێندکاران تەواو بووە، بەڵام لە سلێمانى پارەى سیولە لەبەردەست نییە”.

پێداچونەوە: وریا فەتاح

سبەینێ دەرماڵەی خوێندکارانی پۆلیتەکنیکی هەولێر دابەش ...

سبەینێ دەرماڵەی خوێندکارانی پۆلیتەکنیکی هەولێر دابەش دەکرێت