بۆ ئەوەی ببنە خاوەن کار

زانکۆی دهۆک پەیوەندی دەرەکی بۆ خوێندکارەکانی دروست دەکات

964+
زەید کۆچەر –  دهۆک

زانکۆی دهۆک کۆرسێکی سێ مانگی بۆ خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان راگەیاند، کە فێری دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی بۆ دزینەوەی کار و گەشەپێدانی دەکرێن.

بۆ ئەم کارەش، کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر هاوکاریی زانکۆکە دەبێت، تا بە رێگەی ئۆنلاین پەیوەندی لەگەڵ خاوەن کارەکانی دەرەوە دروست بکەن، ئەم کۆرسە بێ بەرامبەر بۆ خوێندکارانی بەشدار دابین دەکرێ.

ئەمڕۆ دووشەممە 4.12.2023، ئەحمەد خەیرەدین، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی دهۆک بە 964ی وت، “کۆرسەکە زۆر گرنگە بۆ ئەو خوێندکارانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان، یان ئەو خوێندکارانەی تا ئێستا کاریان نییە و فێردەکرێن چۆن بتوانن کاربکەن و کار بدۆزنەوە”.

زانکۆی دهۆک پلانی بۆ 15 ساڵی داهاتوو راگەیاند

زانکۆی دهۆک پلانی بۆ 15 ساڵی داهاتوو راگەیاند

ئەم کۆرسە بە شێوازی ئۆنلاین لە کوردستانەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە، پەیوەندی مارکێتینگ و بزنسی جۆراوجۆر دروست دەکات، بە وتەی بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار بێت، ئێستا دەرگای پێشکەشکردن لەناو زانکۆی دهۆک کراوەتەوە، دەرچووی هەموو بەشەکان مافیان پێدراوە داواکاری پێشکەش بکەن.

زانکۆی دهۆک، لە پلانیدایە زۆرترین ژمارەی خوێندکار وەربگرێ و بەسەر ژمارەیەک بەش دابەشیان بکات، کە هەر بەشێک لە 15 خوێندکار زیاتر نەبێ، سەرەڕای ئەوەش دەبێت خوێندکار بەربەستی زانینی زمانی ئینگلیزی وەک مەرج تێبپەڕێنێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا