"خاوەن حانووتەکان مافی خۆیان بوو"
خاوەن حانووتەکانی کەلار پارەکانیان وەردەگرنەوە
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
بەھۆی نەبوونی دەوامی قوتابخانەکان، خاوەن حانووتی فرۆشگاکانی پەروەردەی کەلار، داوای وەرگرتنەوەی پارەکانیان دەکرد و دەیانوت زەرەرمان کردووە، پەروەردەش پارەکەی پێیان دایەوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی کە حانووتەکانیان بە کرێ گرتبوو، نزیکەی 150 کەسن، بڕی پارەکەش نزیکەی 500 ملیۆن دینارە، لە دوێنێ یەکشەممەوە دەستکراوە بە پێدانەوەی پارەکانیان.
دارا ئەحمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان بە 964ى وت، “خاوەن حانووتەکان مافی خۆیان بوو پارەکەیان وەربگرنەوە، ھەرکەسێکیان بیەوێت پارەکەی وەربگرێتەوە ھەموی پێدەدەنەوە”
وتیشی،”بەشێک لە خاوەن حانووتەکان وتوویانە پارەکانمان وەرناگرینەوە، کاتێک دەوام کرایەوە قەرەبووی ئەم رۆژانەی بۆ بکەنەوە، کە دەوام نەبووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی پەروەردە رەزامەندی داوە بۆ پێدانەوەی پارەکانیان، لە ماوەی چەند رۆژی داھاتووشدا ھەر کەسێک سەردانی پەروەردە بکات پارەکەی پێدەدەنەوە و پرۆسەی پێدانەوەکەش بەردەوام دەبێت.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەلار، بە ناحیە و گوندەکانیەوە، نزیکەی 276 قوتابخانە هەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا