لە کەیەوە دروستکراوە؟
پردە کۆنەکەى دەربەندى رانیە مەترسى لەسەرە
+964
ژێوار خدر – راپەڕین
پردی بێڵی دەربەندی رانیە کە بە پردە ئاسنەکە ناسراوە، ماوەی 14 ساڵە دروستکراوە، بەهۆی کۆنییەکەیەوە مەترسى بۆ دروست بووە و ساڵانە چەندین جار پلێتەکانی تێک دەچن، ئەمەش زۆرجار کێشە و ئاستەنگی بۆ هاتوچۆى ئۆتۆمبیلەکان دروستکردووە.
محەمەد ئەحمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پردی نوێی دەربەندی رانیە بە 964ـی وت: بەهۆی ئەوەی ئەم پردە ئاسنە و بۆ ماوەیەکی کاتی دروستکراوە ناتوانێ بەرگەی ئەو هەموو لۆدە بگرێت کە لەسەریەتى.
پێشتر رێگاى نێوان دەربەند و بنگرد بەو شێوەیەى ئێستا قەرەباڵغى لەسەر نەبووە، بەڵام ئێستا زۆرینەى دانیشتووانى پشدەر و بیتوێن وەک رێگەى جێگرەوە بۆ گەیشتن بە سلێمانى بەکارى دەهێنن، هەربۆیەش پردەکە تووشى گرفت بووە و بەرگەى ئەو لۆدە زۆرە ناگرێت، کە لەسەرییەتى.
“لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێک لە پلێتەکان شکابوو، بەڵام تیمەکانى ئاوەدانکردنەوەوە چاککرایەوە و هاتوچۆ ئاسایى بووەتەوە و ئێستا هاوڵاتیان بەبێ کێشە رێگاکە بەکاردەهێنن”. ئەندازیارەکە وای بە 964 وت.
پێدەچێت تەمەنى درێژى پردەکە چەند مانگێکى دیکە بێت، چونکە ئێستا پردى نوێى دەربەندى رانیە لە قۆناغى کۆتاییدایە و بە وتەى محەمەد ئەحمەد، پێشبینى دەکرێت لە مانگى یەکى ساڵى داهاتوو سەرجەم کارەکانى تەواو ببن و پردەکە بە رووى شۆفێراندا بکرێتەوە.
پردی بێڵی دەربەندى راینە، لە ساڵی 2009وە دروستکراوە و قەزای پشدەر و بیتوێن بە بنگرد و بناری کۆسرەتەوە دەبەستێتەوە و زۆربەى هاوڵاتیانى ناوچەکە لەو رێگایەوە هاتوچۆى سلێمانى دەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح