"دووعا دەکەین دوای 12ـەی شەو نەخۆشمان نەبێت"
لە شارەزوور هیچ دەرمانخانەیەکی 24 کاتژمێری بوونی نییە
964+
بڕوا مجید – شارەزوور
قەزای شارەزوور و ناحیەی زەڕایەن لەگەڵ 49 گوندی سنوورەکە تا ئێستا هیچ نۆڕینگەیەکی 24 کاتژمێری تێدا نییە، هاوڵاتیان نزادەکەن هیچ کەسێکیان لەدوای کاتژمێر 12ـەی شەوەوە نەخۆش نەکەوێت.
هاوڵاتیانی قەزاکە دەڵێن زۆر جار پێویستیان بە نۆڕینگەکان هەیە بۆ وەگرتنی چارەسەر، بەڵام هیچ نۆڕینگەیەک نامێنێتەوە و درەنگانی شەو هەمووی دادەخرێت.
سیروان تاڵیب هاوڵاتیەکی قەزای شارەزورە بۆ 964 وتی،”ئێمە نەخۆشی درێژخایەنمان هەیە لەماڵەوە، هەندێکجار لە شەودا پێویستی بەعیلاج هەیە و بەشێک لەعیلاجەکان لە نەخۆشخانەی قەزاکەدا نییە، لە دەرەوەش نۆڕینگەکان تا کاتژمێر 12ی شەو کراوەن، بۆیە لەو کاتەدا لەبەر تەندروستی نەخۆشەکەمان ناچارین ڕووبکەینە پارێزگای سلێمانی بۆ دەست خستنی چارەسەری پێویست.
وتیشی، “بۆیە هەر شەو دێت دوعا دەکەین نەخۆشەکەمان نەکەوێتە ئەو حاڵەتەی پێویستی بە عیلاجی دەرەوە هەبێ”.
سەبارەت بەنەبونی نۆڕینگەی 24 کاتژمێری، شاخەوان جەبار لێپرسراوی سەندیکای کارمەندانی تەندرووستی شارەزوور بۆ 964 وتی، “ئێمە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگمان هەیە لە شارەزوور، کە 24 کاتژمێر کراوەیە، لۆدێکی زۆر دەکەوێتە سەر نەخۆشخانەکە بۆیە پێویستە دەرمانخانەکان وەک بەدیل کراوەبن”.
وتیشی، لە قەزای شارەزوور 54 دەرمانخانە هەیە، کە دابەشبوون بەسەر سێ بازاڕی سەرەکی ناوچەکە ، هەردوو بازاڕی (سیروانییەکان و هەڵەبجەییەکان)ە لە هەڵەبجەی تازە لەگەڵ بازاڕی زەڕایەن ، چەند مانگێکە سەرقاڵی رێکخستنی خشتەی نۆرینگەکانن، لە ماوەیکی نزیکدا دەستبەکاردەبن.
“بەپێی خشتەکە نۆرینگەکان، لە هەر بازاڕێک دەرمانخانەیەک کراوە دەبێت بۆماوەی 24 کاتژمێر، رەنگە مانگانە یەک جار یان دووجار خەفەریاتیان بەربکەوێت”شاخەوان جەبار وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی