شارەوانی کەلار وادەڵێت
“لە ماوەی 24 کاتژمێردا دوکانەکان دەڕوخێنین”
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە گەڕەکی بەردەسور لە قەزای کەلار، ھەشت دوکان ھەیە، شارەوانی قەزاکە دوێنێ پێنج شەممە 30.11.2023، بە بۆیاخ لەسەر دیواری دوکانەکان نوسیویەتی “لە ماوەی 24 کاتژمێر دوکانەکان چۆڵبکەن موڵکی شارەوانیە”.
دوکانەکان دەکەونە ناو سنووری حەوشەی قوتابخانەیەکی تەنیشتیان، بەشێکیشیان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە دراون بە کرێ.
ئەنوەر مەحمود خاوەنی یەکێک لەو دوکانانەیە بە 964ـی وت، “دوێنێ ھاتوون ئاگاداریان کردوینەتەوە لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەبێت دوكانەكانمان چۆڵکەین و رۆژی شەممە دەڕوخێندرێن”.
وتیشی، زیاتر لە 25 ساڵە لەو دوکانانەن و بژێوی ژیانیانی لەسەرە، ھیچ قەرەبویەکیش نەکراونەتەوە، ئەگەر لەو دوکانانە دەربکرێن ھیچ شوێنێک نییە بڕۆن کاسبی تیادا بکەن، دوکانەکان رێگەی ھیچ شتێکی نەگرتووە “داواکارین شارەوانی کرێمان لێوەرگرێت و ھەر لێرە بمێنینەوە”.
لە بەرامبەریشدا شارەوانی دەڵێت، ئەو دوکانانە زیادەڕۆن و دەکەونە سنووری ئەو قوتابخانەیەی تەنیشتیان و موڵکی حکومەتە.
سەنگەر سەڵاح بەرپرسی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی کەلار بە 964ـی وت، پەروەردەی کەلار سکاڵای تۆمار کردووە کە ئەو دوکانانە دەکەونە سنووری یەکێک لە قوتابخانەکانیان لە گەڕەکی بەردەسور و بڕیاردراوە کە چۆڵبکرێن و بڕوخێندرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، 24 کاتژمێر مۆڵەتیان پێدراوە ، بەڵام بەھۆی نەبوونی دەوامەوە یەکشەممە دەڕوخێندرێن.
بەپێی یاسا ھەر شتێک بکەوێتە سنووری پرۆژەی حکومەتەوە قەرەبوو نایگرێتەوە، بۆیە ئەو دوکانانەش قەرەبوو ناکرێنەوە، سەنگەر وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی