خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی کاتی رێگای مەرزی پەروێزخانیان کردەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دانیشتووانی گوندی پەروێزخان دوای نزیکەی 13 کاتژمێر لە داخستنی رێگای مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان، کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکەیان ھێنا و دەڵێن بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان پێدراوە.
قەرەبووکردنەوەی ئەو زەویانەی دەکەونە بەر فراوانکردنی مەرزی پەروێزخان، ھەروەھا سودمەندبوونی دانیشتووانی گوندەکە لە داھاتی مەرزەکە و رەخساندنی ھەلیکار بۆ گەنجانی گوندی پەروێزخان، لە داواکاریە سەرەکیەکانی خۆپیشاندەران بوون.
خالید حەمید وتەبێژی گوندی پەروێزخان بە 964ـی وت، “چادرەکەمان بەشێوەیەکی کاتی لەسەر رێگای سەرەکی مەرزەکە لابردووە، بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان پێدراوە، ئەگەر داواکاریەکانمان جێبەجێنەکرێت دوبارە رێگای ھاتوچۆی مەرزەکە دادەخەینەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندیمان پێوەکراوە بەزوترین کات لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت دابنیشین و بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان پێدراوە، بەو مەرجەش چادرەکەمان ھەڵگرتوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی