بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی چەمچەماڵ - وێنە: 964
رێگری لە قۆرخکاری ناوبازاڕ دەکات
تاقیگەی ناوەندی تەندروستی چەمچەماڵ فراوان دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
تاقیگەی ناوەندی تەندروستی چەمچەماڵ فراوان دەکرێت و بەرپرسێکی تەندروستی شارەکە دەڵێت، بەو فروانکردنە رێگری لە قۆرخکاری تاقیگە تایبەتەکان دەکەن.
فراوانکردنەکە زیادکردنی سێ ژوورە بۆ تاقیگەکە و رێکخراوی کۆمیسیارانی باڵای نەتەوەیەگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لەسەر ئەرکی خۆی ئەنجامی دەدات.
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، فشارێکی زۆر لەسەر ئەو تاقیگەیە بوو و رۆژانە پشکنینێکی زۆری تێدا دەکرێت و ئەو رێکخراوەش ویستوویەتی کاریان بۆ بکات و ئەوەیان بۆ پێشنیار کردووە.
وتیشی، “ئێستا راوێژکاریی ئێوارانیشمان تێدا کردووەتەوە و شەوانە تا کاتژمێر 12 پشکنینی تێدا دەکرێت”.
قەزای چەمچەماڵ لە حەوت ناحیە و 317 گوند پێکدێت و 250 هەزار دانیشتووی هەیە.
“بە کردنەوەی پشکنینی شەوانە و ئەو فراوانکردنەش کە بۆ تاقیگە دەکرێت، ئەو قۆرخکارییەی لە لایەن تاقیگە تایبەتەکانی ناوبازاڕەوە هەیە نامێنێت، چونکە پشکنینەکان لە تاقیگە ناوەندییەکە زۆر هەرزانترن”، ئەوەش قسەی شەریف رەحیمە.