نامەی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بۆ قوتابییەکانی _ وێنە: 964
"لە قوتابخانە ئامادەبن"
بەڕێوەبەری قوتابخانەکان گروپی مەسنجەر و ڤایبەریان لەگەڵ قوتابی دروستکردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
“سڵاو خوێندکارانی ئەزیز، سبەی چوارشەممە کاتژمێر 8:30 لە قوتابخانە ئامادەبن، پۆلی 11ی زانستی، بابەتی عەرەبی، فیزیا، هونەر و کۆمپیوتەر دەخوێنن”، ئەمە نامەی بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی سلێمانییە بۆ قوتابییەکانیان.
تا ئەمڕۆ 77 رۆژ لە پڕۆسەی خوێندن تێپەڕیوە، بەڵام قوتابخانەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین هەر بە نیوەناچڵی دەوامیان تێدا دەکرێ، ئەنجومەنی پەروەردەکان رای وایە بایکۆت بشکێ، بەڵام ئەوە مامۆستاکانن تائێستا ملیان بۆ ئەو داوایە نەداوە.
وەزیری پەروەردە: هەژمارکردن یان نەکردنی خوێندن لە دەسەڵاتی وەزارەتدایە
(ئ.م.م) قوتابییەکی ئامادەییە، نامەی بۆ 964 ناردووە و دەڵێت، بەڕێوەبەری قوتابخانە لەگەڵ سەرجەم پۆلەکان گروپی جیاوازییان لە (مەسنجەر و ڤایبەر) دروستکردووە تا دەست بە خوێندن بکرێتەوە، خۆیان راستەوخۆ داوامان لێ دەکەن بگەڕێینەوە قوتابخانە.
تۆڕی 964 ژمارەیەک لە دیکۆمێنتی نامەکانی پێگەیشتووە، خوێندکارانی قۆناغی یەکی بنەڕەتی، نۆی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەیی لە هەندێک ناوچە دەخوێنن و لە هەندێک ناوچەش هێشتا بێ بەشن.
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە 964ی وت، “وەک وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە هیچ جۆرێک، هیچ قسەیەکیان لەسەر پڕۆسەی دەستپێکردنی دەوام نییە لە سلێمانی”.