رۆژانە پێنج تۆن بەرهەم دێت
زبڵ و خاشاکی دهۆک دەکرێت بە پەین
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بۆ یەکەمجار لە پارێزگای دهۆک زبڵ و خاشاک لە کارگەیەکی کواشێ دەگۆڕدرێت بۆ پەین کە بۆ بەهێزکردنی دارەکان بەرکاردێت.
لە سنووری پارێزگای دهۆک تەنیا سێ کارگەی زبڵ و خاشاک هەن، رۆژانە زیاتر لە 1500کرێکار زبڵ و خاشاکی ناوەندی دهۆک و دەورووبەری دەگوازنەوە بۆ کارگە و جیا کردنەوەی زبڵ و خاشاک .
حازم بەگ بەڕێوەبەری کارگەی زبڵ و خاشاکی کواشێ لە قەزای سێمێل بە 964ـى وت، کارگەکەمان رۆژانە زیاتر لە پێنج تۆن پەین بەرهەم دەهێنێت.
وتیشی، ئێمە تەنیا زبڵ و خاشاک وەک سەوزە و میوە و کەرەستەی خۆراک دەکەینە پەین، چونکە تەنیا بۆ دار سوودی هەیە، بۆ ماوەی دوو بۆ سێ مانگ زبڵ و خاشاکەکان لە ناوچەیەکی فراوان دادەنرێت بۆ ئەوەی جیا بکرێتەوە بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوو جۆر پەینیان هەیە، یەکێکیان بە تۆن دەفرۆشن چونکە کوالێتی نزمە، ئەوی تریان بە کیلۆ دەفرۆشن بەهۆی ئەوەی کوالێتی بەرزە و باشترە.
بەقسەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەو جورەی کواڵێتی بەرزە کیسەیرکی 10 کیلۆیە و بە چوار هەزار دینار دەفرۆشرێت، هەروەها ئەوەی کوالێتی نزمیش یەک تۆن بە نزیکی 16 هەزار دینار دەفرۆشرێت.