حاسڵاتی بەیانی ئەمڕۆ

سه‌ربازی یه‌ده‌گ گورزی له‌ ئابوری وه‌شاندووه‌

964+

ژووری هەوال

رۆژنامەی هائارێزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە: حکومەتی ئیسرائیل لیستی ناوی ئەو کەسانەی بەدەست گەیشتووە کە قەولە ئەمڕۆ حەماس ئازادیان بکات، حکومەتیش کەسوکاری ئەو کەسانەی ئاگادار کردووەتەوە.

میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن بانگکردنی سەربازە یەدەگەکانی سوپا گورزی گەورەی لە ئابووری ئەو وڵاتە وەشاندووە، چونکە بۆ شەڕی غەزە 360 هەزار سەربازی یەدەگ بانگکراونەتەوە، ئەمانە لەناوخۆی ئیسرائیلدا هەمووی دەستی کارن و زۆر کار و پیشە پەکی کەوتووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: دوێنێ 61 بار هەڵگری گەورەی پڕ لە خواردن و ئاوو کەلوپەلی پزیشکی گەیشتووەتە باکورری غەزە، ئەمڕۆش چەند بارهەڵگرێکی تر دەگەن.

پنتاگۆن دەڵێت: وەزیری بەرگری ئەمریکا داوای لە هاوتا ئیسرائیلییەکەی کردووە چەند ناوچەیەکی ئارام لە غەزە دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی سیڤیل رووی تێبکەن و لەوێ سەلامەت بن.

ئاژانسی ئەسۆشیەیدت پرێس بڵاویکردەوە: چه‌كدارانی فەلەستینی لە شاری توڵکەرەمی کەناری خۆرئاوا دوو کەسیان کوشتووەو بە ستونی کارەبادا هەڵیانواسیون، بەو تۆمەتەی هاوکاری ئیسرائیلیان کردووە.