بەردەوام سێ ئەمپێر بەرهەمدێنێت
هاوڵاتیەک لە ئاوی زێراب کارەبای بەرهەمهێناوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
هاوڵاتیەکی هەولێر تۆربینێکی لە کەلوپەلی بەکارهاتوو دروستکردووە بۆ ئەوەی لە ئاوی بەکارهاتووی کۆیە کارەبا بەرهەمبهێنێت.
رێبوار حاتەم گۆمەتاڵی دروستکەری ئەو تۆربینە ئاویەیە بۆ 964 وتی، “ماوەی 100 ساڵە سوود لە ئاوی زێرابەکان وەردەگیرێت بۆ دروستکردنی کارەبا، بەڵام من بە چەند پارچەیەک ئاسن توانیومە بە تێکڕا بەردەوام سێ ئەمپێر کارەبا بەرهەمبهێنم”.
بەوتەی رێبوار حاتەم ئەگەر لە بازاڕ ئەو تۆربینەی بکڕیبایە نرخەکەی پێنج هەزار دۆلارە، بەڵام لە کەلوپەلی بەکارهاتوو دروستی کردووە و تەنیا 200 دۆلاری تێچووە.
لەبارەی شێوازی دروستکردنەکەی ئەو هاوڵاتیە دەڵێت، “بیرۆکەی خۆم بووە، لەو پارچە فڕێدراوانە دروستم کردوون کە ژینگەیان پیسکردبوو، ئەگەرچی خۆم لە هەولێر نیشتەجێم، بەڵام لە کۆیە ئەو پڕۆژەیەم ئەنجامداوە، لەبەر ئەوەی ئاوی زێرابی ئەو ناوچەیە باشتر دەگونجا بۆ کارەکەم”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی