بۆ راکێشانی گەشتیارە

ئەمساڵ بۆ خلیسکێنەی سەر سەهۆڵ تا پێنجوێن مەوەستە

964+

پێشەوا محەمەد

دەستەی گەشتوگوزار بەنیازە ئەمساڵ یەکەم فێستیڤاڵی خلیسکێنەی سەر سەهۆڵ لە پێنجوێن رێکبخات و وتەبێژی دەستەکە دەڵێت، ناوچەکە بۆ ئەو فێستیڤاڵە زۆر گونجاوە.

دەستەکە سەردانی پێنجوێنی کردووە و لەگەڵ لایەنە ئیدارییەکان تاوتوێی چۆنیەتی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـی وت، “لەگەڵ لایەنە ئیدارییەکانی پێنجوێن لە ئامادەکاری سازدانی فێستیڤاڵەکەین و ئامانج لێی راکێشانی گەشتیارە”.

وتیشی، “ئەنجامدانی ئەو فێستیڤاڵە لە چوارچێوەی گرنگیدانە بە گەشتوگوزاری زستانە، کە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو جۆرە گەشتیارییە زۆر گونجاوە و ناوچە شاخاوییەکانی سەرنجڕاکێشن، بۆیە دەمانەوێت پەرە بە گەشتوگوزاری زستانە بدەین”.

دەستەی گەشتوگوزار پلانێکی هەشت ساڵەی هەیە و تیایدا دەیەوێت پەرە بە 15 جۆری گەشتیاری بدات لە هەرێمی کوردستان.

ساڵی رابردوو شەش ملیۆن گەشتیار هاتبوونە هەرێم و شەش مانگی ئەمساڵیش نزیکەی پێنج ملیۆن گەشتیار هاتبوونە کوردستان، دەستەی گەشتوگوزار چاوی لەوەیە رێژەی گەشتیاری ئەمساڵ هەشت ملیۆن کەس تێبپەڕێنێت.

“وادە و شوێنی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکە لە کاتی خۆیدا رادەگەیەنین”، وتەبێژەکەی دەستەی گەشتوگوزار وای وت.

شەختە کەوت و وەرزی کشتوکاڵ لە پێنجوێن کۆتایی هات

شەختە کەوت و وەرزی کشتوکاڵ لە پێنجوێن کۆتایی هات