هەر کیلۆیەک پەنیر چوار هەزاری چووەتە سەر
لە دهۆک بەرهەمە خۆماڵیەکانی ژاژی و پەنیر گرانبوون
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
کە وەرزی زستان دێت خواست لەسەر بەرهەمەکانی وەک ژاژی و پەنیری کوردی زیاد دەکات، بەڵام ئێستا نرخی گران بووە و دوکاندارەکان دەڵێن، شیر کەم بووە بۆیە نرخی گران بووە.
ڤەگێر محمد، دوکاندارێکی ژاژی و پەنیرە لە بازاری دهۆک بە 964ی وت، لە بازاڕ دوو جۆر ژاژی هەیە، خۆماڵی و تورکی هەردوکیان نرخیان گران بووە، ئەوەی خۆماڵی بەهۆی کەمبوونەوەی شیرە و ئەوەی تورکی هەر تەنەکەیەکی 20 هەزار دیناری هاتووەتە سەر لە 45 هەزارەوە بووەتە 65 هەزار دینار.
پرسیاری نرخەکانمان کرد، لە چەند دوکانێک نرخی کیلۆیەک ژاژی لە شەش هەزارەوە بووەتە هەشت هەزار دینار، پەنیریش لە شەش هەزارەوە بووەتە 10 هەزار دینار.
رێدیر سدقی شەریف، بەڕێوبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک بە 964ی وت، بەپێی خەمڵاندنەکان هەر تاکێک لە پارێزگای دهۆک ساڵانە 82 لیتر شیر بەکاردەهێنێت کە دەبێتە 135 ملیۆن لیتری شیر، بەڵام ئێستا ساڵانە تەنیا 50 ملیۆن لیتر شیر دابین دەکرێت کە دەبێتە 37%
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی