بە 12 ساڵ تەنیا پێنج پرۆژە کراوە لە هەڵەبجە
+964
عومەر محەمەد – هەڵەبجە
لە ماوەی 12 ساڵی رابردوو، 199 پرۆژە بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەرچووە، بەڵام تەنیا پێنج دانەیان ئەنجامدراون، بە قسەی جێگری پارێزگار.
كاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەوبارەیەوە بە +964ی راگەیاند، لە ساڵی 2010 تا كۆتایی ساڵی 2022 لە پارێزگای هەڵەبجە 199 پڕۆژە دەرچووە و تەنیا پێنجیان تەواوكراون، ئەوانیش كەرتی تایبەت تەواویكردوون.
پڕۆژەكان لە بواری خزمەتگوزرای و رێگەوبان و دروستكردنی باڵەخانە و قیرتاوكردنی رێگەوبان خۆی دەبینێتەوە.
لەبارەی ئەوەی ئایا لە 2023 لە هەڵەبجە پرۆژە دەکرێت؟ کاوە شێخ عەلی وتی، پلانیان هەیە لە ساڵی نوێدا تەنیا پڕۆژەكانی ساڵانی رابردوو تەواو بكەن.
بەپێی زانیارییەکان، بودجەی پارێزگای هەڵەبجە 12 ملیار دینار بووە بۆ ساڵی 2022 كە پێكدێت لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی نەوت و بودجەی ئاسایی ساڵانە.
پارێزگای هەڵەبجە 83 كیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانیەوە دوورە، رووبەرەكەی هەزار و 599 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە.