دوای وەرگرتنی خەڵاتی هێڵدا دۆمین

بەختیار عەلی بۆ 964 “وەرگرتنی خەڵاتەکە بۆ من زۆر چاوەڕواننەکراو بوو”

964+

ژووری هەواڵ

رۆماننوسی کورد بەختیار عەلی دوای وەرگرتنی خەڵاتی هێڵدا دۆمیندا بۆ 964 دەڵێت: “وەرگرتنی خەڵاتەکە بۆ من زۆر چاوەڕواننەکراو بووە، چونکە هەر نەمزانیووە و ئاگاداریش نەبووم کە پاڵێوراوەم”.

بەختیار عەلی ئەمەشی وت

خەڵاتەکە بە موڵکی ئەدەبیاتی بێناز و بێخزمەتی کورد دەزانم، ئەدەبیاتێک زوڵم و ستەم نەیهێشتووە بناسرێت، شکاندنی ئەو دیوارە کە بە دەوری زمان و ئەدەبی کوردیدا هەڵچنراوە ئاسان نییە، من لەو ساڵانەدا چیم بۆ کرابێت و لە دەست و توانامدا بووبێت کردوومە، خۆشبەختم ببینم ئەدەبی کوردی سنوورەکان دەبڕێت و دیوارەکان دەشکێنێت. بەڵام ئەوەیە دوای هەموو رێزلێنانێکی وا بە بەها ئەرکەکان سەختتر دەبن.
گرنگ دواجار جێکردنەوەی ئەدەبیاتی کوردییە لە ریزی ئەدەبیاتە زیندووەکاندا، ئەوەی لای من گرنگە ئەوەیە، نەوەی داهاتوو لە نووسەرانی کورد لە سفرەوە دەستپێنەکەن و پێشزەمینەیەک هەبێت لەسەری رابوەستن.
ئەمە یەکەم جارە خەڵاتەکە ئاوڕ لە زمانەکانی دیکە دەداتەوە، جێگای بەختەوەری و شانازییە بۆ من چ لە خەڵاتی نیلی زاگس و چ لە خەڵاتی هێڵدا دۆمیندا، یەکەمین نووسەرێک بووم بە زمانە نائەوروپییەکان بنووسێت و ئەو خەڵاتانە وەربگرێت، ئەوە وەک جۆرێک لە شکاندنی هەژموونی زمانە ئەوروپییەکان دەبینم بەسەر خەڵاتەکاندا، دڵنیام ئەوە شتێکە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە، شکاندنی هەژموونی زمانە ئەوروپییەکان بەسەر خەڵاتە جیهانییەکاندا، هێزێکی موعجیزە ئاسای دەوێت.
راستە نووسەرانێکی بە رەچەڵەک عەرەب یان تورک خەڵاتی زۆریان وەرگرتووە، بەڵام تێکڕا بە زمانە ئەوروپییەکان نووسیویانە، هیچ کەسیان تێدا نییە بە زمانی خۆیان نووسیبێتیان، وەرگرتنی ئەم جۆرە خەڵاتانە کارێکی سەختە.