جوتیارێک سەرقاڵی چاندنی بنەتۆوە و بە مەکینە زەوییەکەی بۆ دەکێڵی _ وێنە: 964
کشتوکاڵیی سلێمانی: دەست بە چاندن بکەن و پەڵەی داوە
964+
ئەحمەد مستەفا
کشتوکاڵیی سلێمانی دەڵێت، کات کاتی چاندنی بنەتۆوە و داوا دەکەین جوتیاران دەست بە چاندن بکەن، لە زۆربەی ناوچەکان تا 80 ملیم باران باریوە و پەڵەی داوە.
ئەوەی بە لای ئەوانەوە مایەی دوودڵی بێت، ناوچە گەرمەسێرەکانن، لە چەمچەماڵ، بانی مەقان، ئاغجەلەر، سەنگاو و گەرمیان.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 22.11.2023 بە 964ی وت، زۆرینەی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، ئێستا دەستدەدات بۆ چاندن تایبەت ناوچە شاخاوییەکان، ناوچە گەرمەسێرەکانیش خۆیان تەکنیکی وشکەکێلان بۆ چاندن بەکاردەهێنن، گرفتێکی ئەوتۆی نییە.
بە وتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بێت، ئامادەکارییان کردووە تا دەست بە پێدانی بنەتۆو بکەن بە هەندێک لە جوتیاران، ئەو وتی،” بنەتۆوەکە بۆ زیادکردنی بنەتۆوە، نەک ئەوەی رادەستی سایلۆکانی بکرێت، بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی سلێمانی و بەشی بنەتۆو کاریان لەسەر کردووە و هەر خۆمان لە جوتیارەکانی وەردەگرینەوە”.
لیژنە پشکنین بۆ زەوییەکە دەکەن، چاودێری پێدانی ئاو و خزمەتکردنی بنەتۆوەکە دەکرێ، ئەمە جگە لە دیاریکردنی رووبەر و دوور بوون لە کێڵگەی دیکە بە مەودای پێنج مەتر، شاڵاو جەمال وتی، “شەپۆلەکانی دابارینی هەفتەکانی ئایندە لە ئیسیفادەی جوتیاران دەبێت”.