هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی بە قەزابوونی

دیداری ئاشتی و هونەری لە کفری دەستیپێکرد

964+

میلاد جەلال- کفری

یەکەمین رۆژی چوارەمین دیداری ئاشتی و هونەری لە کفری بە كۆمەڵێک چالاکی جیاوازەوە، کە بە سێ زمان پێشکەشکران، لە قەزاکە بەڕێوە چوو.

رێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی ئەم دیدارە ئەنجام دەدات، کە چالاکی هونەری و دۆکیۆمێنتاری دەربارەی قەزاکە تێیدا نمایش دەکرێت.

پەرێز سابیر وتەبێژی دیدارەکە بە 964ی وت، لەبەر ئەوەی کفری شارێکی فرەپێکهاتەیە و هەروها لە گشت عێراقەوە میوانیان هەیە، بۆیە چالاکیەکان بە هەر سێ زمانی کوردی. عەرەبی و تورکمانی پێشکەش دەکرێن.
وتیشی چالاکیەکان جۆراوجۆرن، جگە لە پێشانگا و میوزیک و گۆرانی، پانێڵ لەسەر مەقامی رەسەنی کوردی و ژینگەش کە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە توێژینەوە و قسەی زیاترە، بەڕێوەدەچێت.

“ئەم چالاکییانە ئێستا زۆر کەمن، هیوادارین ئەم جۆرە چالاکیانە هەمیشە هەبێت تا رێگەیەوە کۆمەڵگە بەرەو ئاشتیخوازی و رۆشنبیری ببەین، چونکە بە هۆی بەردەوامیی بارودۆخی سیاسی و توندوتیژییە هەمەجۆرەکان، تاک زۆر پێویستی بەم چالاکیانەیە”. پەرێز سابیر وای وت.

ئەم دیدارە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی 170 ساڵەی بەقەزابوونی کفری، بڕیارە سێ رۆژ بەردەوام بێت.

داڕشتنەوە: بەهرە محەمەدئەمین