رمانى پارچه‌ شاخه‌كانى بێخاڵ 1000 ماڵى سرێشمه‌ى بێئاو كردووه‌

964+

ئاکام غەفور- سۆران

داڕمانى پارچه‌ شاخێك به ‌ته‌نیا رێگای سه‌ره‌كى بێخالى په‌كنه‌خست، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆڕی سەرەکی ئاوی ناحیه‌ى سرێشمەى سه‌ر به‌ قه‌زاى خه‌لیفانیشی شكاند و نزیكه‌ى هه‌زار ماڵى بێئاو كرد.

موسلیح موستەفا، بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاوی سرێشمە بە 964ـی وت، دوێنێ شەو بەشێک لەو پارچه‌ شاخانه‌ى به‌سه‌ر رێگاكه‌ى بێخاڵ رمابوون، کەوتبوونه‌ سەر بۆڕی ئاوی ناحیه‌كه‌یان و بەهۆیەوە بۆڕیەکەیان شکاوە.

وتیشی “له‌دوێنێ شه‌وه‌وه‌ ناحیه‌كه‌مان بێئاوه‌ كه‌ نزیكه‌ى هه‌زار به‌شداربوومان هه‌یه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئێستا رێگاکە خاوێن کراوەتەوە، بەڵام بەردی سەر بۆڕیەکە لانەدراوە.

به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى سرێشمه‌ لە رێگای 964ـه‌وه‌ داواكاره‌ بە زووترین کات بەردی سەر بۆری ئاوه‌كه‌یان بۆ لابدەن بۆئه‌وه‌ى تیمەکانیان بتوانن بۆریەکە چاک بکەنەوە.

964 بۆ ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌ندی كرد بە ته‌حسین سه‌عدوڵا به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى سۆران ، ئاماژەی بەوەکرد کە ئاگاداری ئەو کێشەیەن بۆ ئەم مەبەستەش کار بۆ چارەسەرکردنی دەکەن.

وتیشی “حەفارەیەکمان راسپاردووە بەردەکان لاببات و بۆرییەکەش چاکبکرێتەوە”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رمانى پارچه‌ شاخه‌كانى بێخاڵ 1000 ماڵى سرێشمه‌ى بێئاو كردووه‌