لە ماوەی چوار هەفتەدا

لە پێنجوێن زیاتر لە 25 کیلۆ پیل و پاتری کۆکرایەوە

+964

کامیار کەمال ــ پێنجوێن

دوای چوار هەفتە لە راگەیاندنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی پیل و پاتری لە قەزای پێنجوێن، تا ئەمڕۆ 28 کیلۆ پیل و پاتری کۆکراوەتەوە.

بە گوێرەی قسەی سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە، کارەکانیان فراوانتر دەکەن و هەڵمەتەکەش فراوانتر دەبێت بۆ دەرەوەی قەزای پێنجوێن.

ئەمڕۆ یەکشەمە 19.11.2023، ئومێد ئەحمەد سەرپەرشتیاری هەڵمەتی کۆکردنەوەی پیل و پاتری لە قەزای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، سندوقی کۆکردنەوەی پیلیان لە یەک مزگەوت و پێنج مارکێت داناوە و رێکخراوێکیش لە سلێمانییەوە بەدەم هەڵمەتەکەوە هاتووە، پڕۆژەی کۆکردنەوەی پیل دەچێتە دەرەوەی پێنجوێن و فراوانتریش دەبێت و پیلی سەعات و کۆنترۆڵ و پاتری مۆبایل و هەندێک کەلوپەلی دیکەیان کۆکردووەتەوە.

رێکخەرانی هەڵمەتەکە سەبەتەی دیکەیان بەدەستگەیشتووە و لە هەنگاوی داهاتوویاندا لە ناو فەرمانگەکاندا سەبەتەی کۆکردنەوەی پیل دادەنێن و مانگانە یاخود هەفتانە کۆیدەکەنەوە.

لە بارەی ریسایکلکردنەوەی پیل و پاترییەکان، ئومێد ئەحمەد وتی، لە هەرێمی کوردستان هیچ کارگەیەک نییە بۆ وەرگرتنی پیل و پاتری و دووبارە نوێکردنەوەی، لەبەر ئەوە لەگەڵ وڵاتی ئێران لەسەر هێڵن تا بتوانن ئەو پیل و پاتریانەی کۆیانکردووەتەوە، ریسایکڵ بکرێنەوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر