بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی جوتیاران دراوە

وەرزی تۆوکردن لەسنوری دوزخورماتوو دەستیپێکرد

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

وەرزی تۆوکردن لەسنوری قەزای دوزخورماتوو دەستی پێکرد و جوتیاران سەرقاڵی کێڵانی زەویەکانیانن و ئامادەکاری دەکەن بۆ وەرزی زستان، چەند جوتیارێک داوا دەکەن کارئاسانیان بۆ بکرێت لەرووی بەرهەمهێنانەوە.

جوتیارانی سنوورەکە دڵخۆشن بەوەی کە ئەمساڵ لە چاو ساڵی پار زووتر دەستیان کردووە بە کێڵانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.

هەڵکەوت محەمەد جوتیارێکی قەزای خورماتووە بە 964ـی وت، داوا دەکەن فەرمانگەی کشتوکاڵ پێداویستیەکانی تۆوکردن و کێڵانیان بۆ دابین بکەن و لە ئەرک و تێچووی تۆکردن و کێڵانی زەوییەکانیان هاوکاری بکرێن.

وتیشی داوا لەئیدارەی قەزاکە دەکەن هاوکاریان بن لەودیاردە ناشرینەی کە ساڵانە لەکاتی ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان لەلایەن بازگە عێراقیەکانەوە رێگریان لێ دەکرێت یاخود داوەی بڕە پارەیەکیان لێ دەکرێت بۆ ئەوەی تێپەڕبن لەو بازگانەی کە لە سنوورەکەدایە.

964 پەیوەندی بە حسێن عەلی بەڕێوبەری کشتوکاڵی خورماتووە کردو وتی، “هەوڵمانداوە ئەمساڵ هیچ کێشە و گرفتێک نەیەتە رێی جوتیارانی سنوورەکە، نوسراومان ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی بودجەیەکیان بۆ تەرخان بکەن، تا بتوانین پاڵپشتی کڕینی پەیینی کیمیایی بکەین بۆ جووتیاران، بە ئومێدی ئەوەی رەزامەندی بدەن”.

حەسەن زەینەلعابدین قایمقامی دوزخورماتوو بە964ی وت، ئەوانیش هەماهەنگیان کردووە لەگەڵ سەرجەم هێزەکاندا بۆ پاراستنی بەرهەمی جوتیارانی سنوورەکە، ناهێڵن کێشەکانی رابردوویان رووبەڕوو ببێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی