مەڕەکان قاچیان رەق دەبێت و دوای پێنج رۆژ دەمرن

نەخۆشیەکی دەگمەن لەناو مێگەلە مەڕەکانی سنووری پشدەر بڵاوبووەتەوە

964+

محەمەد عەلی – پشدەر

نزیکەی مانگێکە نەخۆشیەکی دەگمەن لەناو بەشێک لە ئاژەڵەکانی لەسنوری پشدەردا بڵاوبووەتەوە، بەشێک لەگوندەکانی گرتووەتەوە و لەزیادبوونە، هێشتا نەخۆشیەکە دیاری نەکراوە.

مەهدی محەمەد، ئاژەڵدارێکی گوندی کۆلارەیە بە 964ـی وت، ” دوو هەفتە دەبێت نەخۆشیەک رووی لە مێگەلەکەم کردووە، تا ئێستا 11 سەر مەڕم بەو نەخۆشیە مرداربوونەتەوە، 40 مەڕیشیان بەرخۆڵەکانی ناو سکیان لەبارچووە و هیچ دەرمانێک سودی نەبووە.

964 پەیوەندی کرد بە د.شەهرام محەمەد لێپرسراوی بنکەی ڤێتەرنەری قەڵادزێ، “وتی تائێستا هیچ هاوڵاتیەک سەردانی ئێمەی نەکردوەو بەدواداچون بکەین، بۆیە ئێمە هیچ زانیاریمان نیە لەسەر ئەو نەخۆشیە”.

نەخۆشیەکە چۆنە؟

بەپێی ئەوەی مەڕدارەکان بۆیان باسکردووین، ئەو مەڕانەی دووچاری نەخۆشیەکە دەبن، سەریان دەئاوسێت، قاچەکانیان رەق دەبن و ناتوانن ئالیک بخۆن، ئەو مەڕانەشی دووگیانن، ئەو بەرخەی لە سکیاندایە لەبار دەچێت، هەر مەڕێک ئەم نەخۆشیە بگرێت ئەگەر تا پێنج رۆژ چاک نەبێتەوە دەمرێت، بەدەگمەن هەیانە دەرچێت.

د.سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێرتەرنەری راپەڕین بە 964ـی وت،”سەرەتا لەگوندەکانی سنوری سلێمانیەوە هەستمان بەونەخۆشیە کردووە، لەلای گوندی گەرمکان و کەڵەکان و چەند گوندێکی تر، دواتر لەچەند گوندێکی سنوری پشدەریش ئەو حاڵەتە هەستی پێکراوە، ئەم نەخۆشیە ئاژەڵیە و ناگوازرێتەوە بۆمرۆڤ، تەنیا لەناو ئاژەڵەکاندا دەگوازرێتەوە”.

بەوتەی د.سەعدی تەیب، گومان دەکرێت نەخۆشی (تاعون)یان(تەبەق) بێت، بەڵام بۆ دڵنیایی سامپڵێکمان ناردووە بۆ تاقیگە، تیمەکانی تەندروستی سەردانی مەڕدارەکانیان کردووە، زانیاریان پێداوە.

ئەو دکتۆرە داوا لە ئاژەڵدارەکان دەکات هەر کات هەستیان بەو جۆری نەخۆشیە کرد هەر زوو ڤێرتەرنەری لێ ئاگادار بکەنەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

ئەو شوێنەی ئاژەڵی نەخۆش سەربڕێت دادەخرێت

ئەو شوێنەی ئاژەڵی نەخۆش سەربڕێت دادەخرێت