زمانی کوردی لەبەردەم مەترسیدایە
24 گوندی کوردنشینی دەوروبەری خانەقەین چۆڵ کراون
964+
پێشەوا محەمەد
24 گوندی کوردنشینی سنووری خانەقین چۆڵ کراون، دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت، لەگەڵ چۆڵکردنی ئەو گوندانە هاوکات، زمانی کوردی گرفتی بۆ دروست دەکرێت.
فەهمی بوورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، پڕۆسەی راگواستنی رژێمی پێشوو بە جۆرێکی تر بەردەوامە، “ئێستا گرفتی ئەمنی لەو ناوچانە دروست دەکرێت و ئەمنییەتی ناوچەکان ناپارێزێت تاکو خەڵک خۆیان ناچاربن گوندەکانیان بەجێبهێڵن و بەوهۆیەوە تا ئێستا 24 گوندی ئەو سنوورە چۆڵکراون”.
وتیشی، “زمانی کوردی لەو ناوچانە گرفتی بۆ دروست دەکرێت، بەپێی دەستوور کوردی زمانێکی فەرمییە، بەڵام لە زانکۆی کەرکوک داواکاری بە زمانی کوردی وەرناگیرێت و دەبێت نووسراوەکان بە زمانی عەرەبی بن”.
بە بڕوای ئەو بەرپرسە کوردە، “ئەو تەعریبەی ئێستا هەیە لەوەی رژێمی پێشووی عێراق مەترسیدارترە”.