"زۆر دەفرۆشم و قازانج کەم دەکەم"

گۆشتفرۆشێکی پێنجوێن پێنج هەزار دینار گۆشت هەرزانتر دەفرۆشێت

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

گۆشتفرۆشێکی قەزای پێنجوێن کیلۆیەک گۆشت بە 13 هەزار دینار دەفرۆشێت و دەڵێت، گۆشتێکی زۆر دەفرۆشم و قازانجێکی کەم دەکەم.

هەرزانی نرخی گۆشت لای ئەم گۆشتفرۆشەی پێنجوێن لەکاتێکدایە، لە بازاڕ نرخی هەر کیلۆیەک گۆشت 18 تا 20 هەزار دینارە.

پرسیاری هەرزانی نرخی گۆشتمان لە عوسمان رەشید کرد کە گۆشت بە هەرزانتر دەفرۆشێت، ئەو بۆ 964 قسەیکرد و وتی، “هۆکاری هەرزانی نرخی گۆشت لای ئێمە تەنیا ئەوەیە رۆژانە 15 بۆ 20 ئاژەڵ سەر دەبڕین و خێرێکی کەم دەکەین”.

ئەوەشی وت، “ساڵی رابردوو نرخی گۆشت لای ئێمە لەگەڵ بازاڕ پێنج هەزار تا حەوت هەزار دینار جیاوازی هەبووە، قایمقامیەت دەستخۆشیان بۆمان هەبووە”.

بەوتەی عوسمان رەشید ئەو گۆشتەی ئەوان دەیفرۆشن هەمان ئەو گۆشتەیە کە لە قەسابخانەی گشتی قەزاکە سەردەبڕێت و مۆری پشکنینی پزیشکی پێوەیە و هیچ کێشەیەکی نییە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی