هەزار و 240 دانەن
ئیفراز چوار کۆتایی بە بیرەکانی هەولێر دەهێنێت
964+
پێشەوا محەمەد
بە تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چواری هەولێر کۆتایی بە بیرەکانی ئاو دەهێندرێت و چیتر ئاویان لێدەرناهێندرێت، ئەوە قسەی ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمە.
لە شاری هەولێر هەزار و 240 بیری ئاو هەن و لە هەر کاتژمێرێکدا 11 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکەن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، بە تەواوبوونی پڕۆژی ئاوی ئیفراز چوار بیرەکان هەولێر ئاویان لێدەرناهێندرێت و دادەخرێن.
وتیشی، “ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، چونکە ئێستا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و لە هەندێ شوێنی هەولێر بیری ئاو لە 700 مەتردا دەگاتە ئاو”.
لە شاری هەولێر هەریەکە لە پڕۆژە ئاوەکانی ئیفراز یەک، دوو و سێ هەن و لە کاتژمێرێکدا 12 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەم دەهێنن.
“پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار بە تەنیا لە کاتژمێرێکدا 25 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنێت و بەوەش کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەکات”، ئاری ئەحمەد وادەڵێت.
بە وتەی ناوبراو، پڕۆژەکە لە شارەدێی دارەشەکرانی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێرە و 830 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، “لە ئێستادا سەرقاڵی پارەدارکردنی پڕۆژەکەین، تا بتوانین لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا تەواوی بکەین”.