دەستڕێژی گوللەی لێکراوە
تەرمی پێشمەرگەیەک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی دۆزرایەوە
964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر
لە رێگای نێوان ژاراوە بۆ قەلادزێ و لە شوێنی بازگەی کۆنی ژاراوە، تەرمێک لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرایەوە، کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە دیارە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی راپەڕین، کەسەکە دەستڕێژی گولـلەی لێ کراوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
کوژراوەکە دانیشتصوی ناحیەی سەنگەسەر بووە و پێشمەرگەیە، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.
“ئەو هاوڵاتيیە ویستوویەتی بێتە قەڵادزێ، بەڵام لە رێگای نێوان قەڵادزێ – ژاراوە تەقەی لێکراوە”، پۆلیسی راپەڕین وا دەڵێت.
تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە نازانرێت، بەڵام بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە و زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکارەکەی کێشەی کۆمەڵایەتی بووە.
ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵادزێ هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی” ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 5:55 خولەک، تەرمێک گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەڵادزێ، لە رەگەزی نێرە و تەمەنی نزیکەی 45 ساڵە، شوێنەواری چەند فیشەکێکی پێوە بووە و تەرمەکەی نێردراوە بۆلای ئێمە و لەلای ئێمەشەوە بەڕێکراوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی بە مەبەستی توێکاری”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر