خەلیفان خاوهن پارکێکی بچوک بەڵام رێژەی سەوزایی زۆرە
964+
ئاکام غەفور – خەلیفان
خەلیفان تەنها پارکێکی بچوکی هەیە بهڵام رێژهى سهوزایی لهسنوورهكهى زۆره، گهنجانیش گلهیی له نهبوونى پاركى زۆر لهو قهزایه دهكهن.
ئهو پاڕكه تاقانهیهى خهلیفان، لەسەر رووبەری هەزار مەتردوجا له ساڵى 2013 دروستکراوە تەنیا حەوت کورسی دانیشتنی لێیە.
تەها یوسف گەنجێکی خەلیفانە بە 964ـی وت “شوێنێکی گونجاو نیە رووی تێبکەین، ئەگەر بمانەوێت پیاسە بکەین تەنیا شۆستەی ناوەراستی بازاڕ هەیە”.
محەمەد عەلی دانیشتوێكی دیكهى خهلیفانه، داوا دهكات پارکێکی گەورەیان بۆ دروست بکرێت و شوێنێکى گونجاو بێت، چونكه دهڵێت “ئەوەی ئێستا هەیە بچوکە و وەک پێویست نیە”.
تاریق ئیبراهیم سەرۆکی شارەوانی خەلیفان بە 964ی وت، گلەیی خەڵکی خهلیفان بە هەند وەردەگرن مافی خۆیانە داوای پارکێکی گەورەتر بکەن.
وتیشی “هەوڵمان داوە پارکێکی گەورەتر و شایستەتر دروست بکەین، کارمان لەسەرکردووە بەڵام قەیرانی داریی و نەبونی زەوی پێویست گرفت بووە”.
باسی لهوهشكرد، بیر لەوە دەکەنەوە بەهۆی نەبونی زەوی لە دەرەوەی شار پارکێکی گونجاو دروستبکرێت.
سەرۆکی شارەوانی، ئاماژهى بهوهشكردووه، رێژهى سهوزایی له خهلیفان بەهۆی هەڵکەوتەی سروشتهكهیهوه زیاتر لە %22ـە.
ژمارەی دانیشتوانی خەلیفان زیاتر لە 40 هەزار کەسە، کەوتۆتە نێوان چوار چیا، روبارێک بە ناو شارەکەدا تێدەپەڕێت، بەهۆی بوونی ئاوێکی باش بەشێکی زۆری دەوروبەری روبارەکە کراوە بە داری سپیندار و سهوزایی زۆرى دروستكردووه.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن