لە سلێمانی

یانەیەکی وەرزشی لە کەنیسە هەڵبژاردنیان کرد

+964
یادگار محەمەد – سلێمانی

یانەی وەرزشی کلدان دەستەی نوێی کارگێری بۆ یانەکەی دەستنیشان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە لە کەنیسەی مار یوسف لە شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی لیژنەیەک لە سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردنی یانەکان، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ دەستەی کارگێریی یانەی وەرزشی کلدان بەڕێوەچوو.
هاوڵ فەریق ئەندامی نوێی دەستەی کارگێریی یانەی کلدان بە 964ـی وت، هەرچەندە تەمەنی یانەکەیان زۆر نییە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا توانیویانە رۆڵ و کاریگەریی زۆریان هەبێت.
وتیشی، وەک دەستەی نوێی یانەکەیان هەوڵ دەدەن لە خول و پاڵەوانیەتییەکاندا ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنن و ژمارەیەکی قورس بن لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقدا.
لە هەڵبژاردنەکەدا 63 ئەندام لە دەستەی گشتی ئامادەبوون، دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنیش ئەنجامەکە بەم شێوەیە بوو:
هاوڵ فەریق 59 دەنگ
شوان جەمیل 56 دەنگ
دالیا فەرید 55 دەنگ
ئەیمەن عەزیز 50 دەنگ
واحید ئەحمەد 44 دەنگ
ئازاد تۆما 39 دەنگ
بەختیار عوسمان 35 دەنگ.

هێشتا پۆستەکانی یانەکە لە دەستەی نوێدا دابەش نەکراون و چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوو سەرۆک و پۆستەکانی دیکە دیاریی بکرێن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا