توركیا و ئێران خۆیان به خاوه‌نی ده‌زانن
ره‌سه‌نایه‌تیى مریشك و ئاژه‌ڵى كوردستان ده‌گۆڕدرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
مامۆستایەكی زانكۆ ئاشكراى ده‌كات، وڵاتانی دەوروبەر چه‌ند جۆرێك پەلەوەر و ئاژەڵى رەسەنی كوردستانیان بردووه و ئێستا به ناوى خۆیانه‌وه له توێژینه‌وه‌كان باسی ده‌كه‌ن.
له په‌له‌وه‌ره‌كان مریشك و له ئاژه‌ڵه‌كانیش مه‌ڕ و سه‌گى پشده‌ر، رووبه‌ڕووى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته بوونه‌ته‌وه.
پ.د. یوسف محه‌مه‌د ساڵح بەرزنجی، مامۆستا لە كۆلێژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان و دكتۆرا لە بۆماوەزانی و بەخێوكردن و چاككردنی ئاژەڵ، به 964ـى وت “سەگی پشدەر، كە بە هاوشار ناسراوە، لەلایەن توركیاوە بردراوە و جیناتیان لێ وەرگرتووە و سەگی كەنگاڵییان لێ دروستكردووە”.
باسی له‌وه‌ش كرد “نێرینه‌ى سه‌گى پشده‌ر هه‌بووه، توركه‌كان له قه‌ڵادزێ به 25 هه‌زار دۆلار كڕیویانه و له توركیاش تۆویان لێوه‌رگرتوون بۆ زاوزێ”.
له باره‌ى بردنى مه‌ڕى كوردیشه‌وه، باس له‌وه‌ده‌كات، تێزێكی دكتۆرا به‌ناوى (كۆبان) له زانكۆی تەكنیكەڵ یونڤێرستی لە ئەنقەرە بڵاوكرایه‌وه، تێیدا باس له مه‌ڕى حه‌مدانى كراوه، كه ئه‌و جۆره مه‌ڕه‌یان ساڵى 2004 له “باكوورى عێراق” هێناوه، به‌ڵام له ساڵى 2018 له‌سه‌ر هه‌مان مه‌ڕ ده‌ڵێن “ئه‌وه باشترین مه‌ڕی توركییه”.
لە بارەی مێژووى مەڕی حەمدانیش، ده‌ڵێت “لە سەردەمی پاشایەتیی عێراق بە مەڕێكی كوردی ناسێندراوە، چەندین توێژینەوەی جیهانی ئاماژەیان پێیداوە، كە لە دەشتی هەولێر بەخێو دەكرێت”.
تایبه‌تمه‌ندیه‌كانى مه‌ڕى حه‌مدانى ئه‌وه‌یه كه گۆشت و شیرى زۆره، دووانه‌ى ده‌بێت.
وتیشی “دوای ساڵى 2012 چەندین توێژینەوەیان لەسەر ئه‌م مه‌ڕه له توركیا كردووه، ناویان ناوە باشترین مەڕی توركی”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له توركیا چه‌ندین شوێنى تایبه‌ت به به‌خێوكردنى مه‌ڕ هه‌یه له‌و شوێنانه گۆڕانكاری لە سیفاتەكانی مه‌ڕ ده‌كه‌ن.
له باره‌ى وڵاتى ئێرانیشه‌وه ده‌ڵێت، مەڕی كوردی براوه‌ته ئه‌و وڵاته‌ش “ئێستا ئه‌و مەڕه‌ى به ناوى میهرەبانی له ئێران ناسراوه له ره‌سه‌ندا مه‌ڕى رەسەنی كوردییه”.
له‌باره‌ى بردنى په‌له‌وه‌ریشه‌وه ده‌ڵێت “جۆرە مریشكێكی جوانی تایبەت بە هەولێر هه‌یه، ئێستا ئەو جۆرە مریشكە لەلایەن ئێران و توركیاوە هێلكەكەی دەبردرێت و جووجەڵەی لێ دروست دەكەن و دواتر دەیكەن بە موڵكی خۆیان”.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، توێژینه‌وه له زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین له‌سه‌ر ئه‌و مریشكه كراوه كه به مریشكی (جنجڕ – ره‌شكه) ناسراوه، ئاماژه‌ى پێكراوه كه له شه‌سته‌كان له هه‌ولێر هه‌یه و به‌پێی توێژنه‌وه‌كه‌ش DNA ئه‌و مریشكه پارێزراوه.
ده‌شڵێت “له ساڵانى 2015 تا 2020 به به‌رده‌وامى هێلكه‌ى ئه‌و جۆره مریشكه له لایه‌ن ئێرانی و توركه‌كانه‌وه به نرخى به‌رز كڕدراون و براون بۆ وڵاته‌كانیان و له‌وێ هه‌ڵیانهێناون و ئێستا به‌ناوى ئه‌وانه‌وه تۆمار كراوه”.