رۆژانە 12 تانکەر غاز
“ئەمساڵ سلێمانی بێ غاز نابێت “
+964
دیلان محەمەد جەزا
ئەمساڵ کارگەکانی غاز ئامادەن بۆ وەرزی سارد و سەرما، سەرجەمیان غازی عەمبارکراویان هەیە، نوێنەری کارگەکانی غاز دەڵێت، ئەمساڵ کێشەی کەمیی غاز نابێت.
کۆچەر تاهیر نوێنەری کارگەکانی غاز لە سلێمانی بە 964 وت، بە پێی ئەو پلانەی دانراوە بۆ غاز لە شاری سلێمانی، رێژەیەکی باش غاز هەڵگیراوە، توانراوە ئەو بەشەی بۆ پارێزگای سلێمانی دابینکراوە، بگێڕدرێتەوە بۆ قەزای ناوەند.
باسی لەوەش کرد، لە ساڵانی رابردوودا کێشەی کەمیی غاز لە وەرزی سەرمادا دروست دەبوو، بەڵام ئەمساڵ توانرا 364 تانکەر غاز بۆ شاری سلێمانی دابین بکرێت، ئێستا هەر کارگەیەک نزیکەی 40 تۆن غازی هەڵگیراوی هەیە، رۆژانە 12 تانکەر غاز دەگاتە پارێزگای سلێمانی، شەشی بۆ ناو شار و شەشی بۆ دەرەوەی شار دەبێت.
کۆچەر تاهیر دەڵێت، ساڵی رابردوو بە هەر 21 کارگەی غازەکەی سنووری سلێمانی 50 تۆن غازیان نەبووە، ئەوەش هۆکاری دروستبوونی کێشەی کەمیی غاز بوو، بەڵام ئەگەر رۆژانە ئەو بەشەغازەی بۆ سلێمانی دابینکراوە بگاتە دەستیان، ئەو کێشەیە سەرهەڵناداتەوە.
وتیشی: “بوتڵێک غاز لە کارگەکان بە حەوت هەزار و 500 دینارە و بە هەشت هەزار و 500 دینار دەگاتە بەردەمی ماڵی هاوڵاتیان، بەڵام غازی بازرگانی هەیە لە بەنزینخانەکان بوتڵێکی 26 لیتری بە 13 هەزار و 500 دینارە”.
لە وەرزی سەرمادا شاری سلێمانی پێویستی بە 450 تۆن غاز هەیە، لە وەرزەکە گەرمەکاندا پێویستی بە 300 تۆن غاز هەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا