ئەو باڵەخانەیەی ئەمڕۆ لە هەولێر ئاگری لێ کەوتەوە. وێنە:964+
بەراورد بە مانگی رابردوو کەمبووەتەوە
ئەم مانگە لە هەولێر هەموو رۆژێک زیاتر لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە هەبووە
964+
فەهمی نەبی
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە نهۆمی 17ی یەکێک لە باڵەخانە تەواونەکراوەکانی هەولێر ئاگر کەوتەوە و هەر زوو کۆنتڕۆڵکرا، بەگوێرەی ئاماری بەرگری شارستانی ئەم مانگە لە هەولێر هەر رۆژێک زیاتر لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە هەبووە.
موقەدەم کاروان عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت، رووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی ئەمڕۆ لە باڵەخانەی بۆلیڤار بووە، بەهۆی لەحیمکردنی کرێکارەکان بوو لە باڵەخانەکە و بەشی بەرچاوی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی کاری لەحیم و نەبوونی سەلامەتی شوێنی کارکردنە.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئەوەش دەڵێت، لەم رووداوە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە هێندە نەبێت چەند کێبڵێکی کارەبا سووتاوە.
ئامارەکانی بەرگری شارستانی هەولێر دەریدەخەن، لەماوەی 13 رۆژی رابردوودا، ئەوە 16یەمین رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە، کە بۆ هەر رۆژێک زیاتر لە یەک رووداوی ئاگر کەوتنەوە دەکات.
مانگی رابردوو لە هەولێر 188 رووداوی ئاگر کەوتنەوە هەبووە، کە بۆهەر رۆژێک شەش رووداوی ئاگر کەوتنەوە دەکات، ئەم ژمارەیە بەراورد بە مانگی رابردوو کەمیکردووە.