ئێستا چییان لێدەکەن؟
بارانبارین مەترسیی لەسەر خانووە کەلەپوورییەکانی کۆیە دروست کردووە
964+
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری کۆیە هۆشداری دەدات لەوەی بارانبارین مەترسی لەسەر بەشێکی خانووە کەلەپوورییەکانیان دروست دەکات و دەشڵێت، سەرقاڵی بە دیکۆمێنتکردنی خانووەکانن.
بە پێی داتاکانی فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە، لە سنووری قەزای کۆیە زیاتر لە 230 پێگەی شوێنەواری هەن، بەڵام لە سەنتەری قەزای کۆیەدا 85 خاڵی کەلەپووری و شوێنەوار هەن.
“خانووەکان کەوتوونەتە چوار گەڕەکی کۆیە و ئێستا دیکۆمێنتیان دەکەین تا ئەگەر بوودجە هەبوو نۆژەنکرانەوە لەسەر هەمان ستایل و شێوازە کەلەپوورییەکە دروستیان بکەینەوە”، ئەوە قسەی یەکێتی واحید، بەرێوەبەری شوێنەواری کۆیەیە بۆ 964.
وتیشی، “بودجەی پێویستمان لە بەردەست نییە بۆ زیاتر راییکردنی کارەکان و حاڵەتە کتوپڕەکان، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کارمەندیشیمان کەمە و کارەکەشمان فراوانە”.