دیمەنی هێمایەک ئاماژە بە هەبوونی مین دەکات.وێنە:964
"دەستکاری گولەهاوەنیان کردووە"
بۆ کۆکردنەوەی ئاسن و فافۆن چوون و دووانیان بریندار بوون
میلاد جەلال – گەرمیان
بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئاسن و فافۆن، سێ کەس دەڕۆنە شاخی زەواڵی لە ناوچەی شەمێرانی سەر بە قەزای دەربەندیخان، لە کاتی دۆزینەوەی گولە ھاوەنێک و دەستکاریکردنی پێیاندا دەتەقێتەوە و دوانیان بریندار دەبن.
پۆلیسی قەزاکە پاش زانین بە رووداوەکە هێزیان ناردووەتە ناوچەکە، بۆیان دەرکەوتووە، “کە سێ کەسەکە دانەیەکیان شۆفێر بووە لای ئۆتۆمبێلەکەی وەستاوە و دوانەکەی دیکە رۆیشتوونەتە سەر شاخی زەواڵی”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12.11.2023، سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ى وت، “یەکێک لە بریندارەکان، پارچە بەر چاوی کەوتووە و ئەوی دیکەشیان بەر شانی، رەوانەی بەشی فریاکەوتن کراون لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی”.
بە وتەی وتەبێژی پۆلیس بێت، “بۆ کۆکردنەوەی ئاسن و دواتر فرۆشتنەوەی لە بازاڕ سێ کەسەکە لەو ناوچەیە بوون”، ئاماژەی بەوەش کرد، “ئاگاداری راپۆرتی پزیشکین، کە ئێستا دۆخی تەندروستییان تا رادەیەک جێگیرە و چارەسەریان بۆ دەکرێ”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا