زیان بە ماڵی هاوڵاتیەک کەوتووە

گوندی بەرچی لە ناحیەی دێرەلوک تۆپباران کرا

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

سەرلەبەیانی ئەمرۆ هەینی گوندی بەرچی لە سنووری ناحیەی دێرەلوک تۆپباران کرا و گوللە تۆپێک بەر ماڵی هاوڵاتیەک کەوتووە و زیانی گیانی نەبووە.

عبدولرزاق نهیلی، خەڵکی گوندی بەرچیە بۆ 964 وتی، ئەمڕۆ کاتژمێر 7:00ی بەیانی بەدەنگی تۆپباران بە ئاگاهاتین، تۆپبارانەکە زۆر نزیک بوو، گوللە تۆپێک بە دەرگای حەوشەی ماڵی هاوڵاییەک کەوت.

ئەو هاوڵاتیە دەڵێت، “ئەگەر کاتەکەی درەنگتر بوایە زیانی گیانی دەبوو، ئەوەی هەیە تەنیا زیانی مادیە، بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا ناتوانین 100 مەتر لە گوند دووربکەوینەوە”.

عەقید دارا جەمال، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی ئامێدی بە 964ی وت، رۆژانە لەم ناوچانە گوێمان لە دەنگی بۆردوومانە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ناوەوەی گوند تۆپباران کراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە”.

لە سنووری قەزای ئامێدی تاوەکو ناحیەی دێرەلوک پێی دەوترێت ناوچەی نهێلی و 18 گوند لەخۆدەگرێت، بەپێی زانیاری کارگێڕی ناوچەکە تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 خێزان لەبەر بۆردوومان ناوچەکەیان چۆڵ کردووە.

لە گوندی بەرچی نزیکەی 500 خێزان دەژین، دووەم گەورەترین گوندی دەڤەری نهێلیە دوای گوندی رەشاڤە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

بەهۆی تۆپبارانەوە ئاگر لە گوندێکی دێرەلوک کەوتووەتەوە

بەهۆی تۆپبارانەوە ئاگر لە گوندێکی دێرەلوک کەوتووەتەوە