لە زاویتە دەستگیر کران

داری تەمەن 70 ساڵەیان بڕیووە و دەیانویست بیفرۆشنەوە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

شەوی رابردوو لە گوندی بیێی سەر بە ناحیەی زاویتە دوو داربڕ چەندین داری تەمەن 70 ساڵەیان بڕیوەتەوە و پیکابێکیان لێ پڕکردووە، پۆلیسیش دەستگیری کردوون.

رەمەزان سیاری، بەرپرسی مەفرەزەکانی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەی دهۆک بە 964ـى وت، “ئەو دوو کەسەی ئەو دارە تەڕانەیان بڕیون دەستگیر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دەدرێن بە دادگا”.

وتیشی، “داربڕەکان بازرگانی بەم دارانەوە دەکەن، دەیفرۆشنەوە بە چێشتخانەکان و هەر پیکابێک دار زیاتر لە  100 هەزار دینار دەکات”.

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست 964 کەوتووە، ئەمساڵ تاکو ئێستا 28 داربڕ لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستگیر کراون دراون بە دادگا.

“ئەمساڵ لە دهۆک کەمتر دار بڕ هەبوون، بەڵام لە ئامێدی و زاویتە زۆر بوون و دەست بەسەر 43 تۆن داری بڕاودا گیراوە”، ئەوەش قسەی رەمەزان سیارییە.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە سزای بڕینەوەی داری تەڕ و سەوزى ده‌ستنیشان كردووە، “هەر کەسێک داری تەڕ و سەوز ببڕێتەوە بە 500 هەزار دینار سزا دەدرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و سزا داراییەش نەدات، بە سێ مانگ بەندکردن سزا دەدرێت”.

دوو پیکاب داری تەڕیان بڕیوەتەوە و دەستگیرکران

دوو پیکاب داری تەڕیان بڕیوەتەوە و دەستگیرکران

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد