رووداوەکە کەی بووە؟
ئەو کەسە دەستگیرکرا کە تەقەی لە کارمەندێکی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر کردبوو
964+
ژووری هەواڵ
بەشێوەیەکی بەربڵاو دەنگۆی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بڵاوبووەوە، بەڵام سەرەتای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکە 964 لەگەڵ سەرچاوەیەکی نەخۆشخانەی فریاکەوتن قسەیکردووە، دەڵێت ئەو بابەتە دوورە لە راستیەوە.
ئەو سەرچاوەیەی کە لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر قسەی بۆ 964 کردووە دەڵێت، “بەهیچ جۆرێک ئەو دەنگۆیە راست نییە و پێچەوانەی هەموو رۆژەکان ئەمڕۆ ئارامترین رۆژ بووە”.
بەڵام ئاسایشی هەولێر کەمێک لەمەبەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هێزەکانمان کەسێکیان دەستگیرکردووە کە هێرشی کردووەتە سەر کارمەندێکی نەخۆشخانەی هەولێر و بە چەکی ناتۆ چەند گوللەیەکی تەقاندووە.
لە راگەیەنراوەکەی ئاسایش هاتووە، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی (م ، ش ،آ) و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە.
بەپێی سۆراغی 964 و ئەو ڤیدیۆیەی ئاسایش بڵاویکردوەتەوە رووداوەکە شەوی شەممە بۆ یەکشەممە بووە، کاتژمێر 12:26ی نیوەشەو روویداوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو کەسە دەستگیرکراوە.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بۆ 964 دەڵێت، رووداوەکە 29.10.2023 بووە و ئەمڕۆ ئەو کەسە دەستگیرکرا.