نا سەقامگیری بەهای دۆلار زیانی ملیۆنان دینار لە بازرگانانی میوە دەدات

+964

فەرمان سادق

نا سەقامگیری و هەڵبەزو دابەزی دۆلار، زیانی ملیۆنان دینار لە میوەفرۆشان دەدات، بازرگانێکیش دەڵێ؛ سەرووی 20 ملیۆنم زەرەر کردووە.

ماوەی سێ هەفتەیە بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی، لە دۆخێکی نا سەقامگیر دایەو بەردەوامیش نرخەکەی بەرز دەبێتەوە، ئەمەش لەگەڵ خۆیدا کاریگەری لەسەر زۆرێک لە سێکتەرەکان و کاری بازرگانی داناوە.

یەکێک لەو سێکتەرانەی کە کاریگەر بووە بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، بازرگانی سەوزەو میوەیە، بەو  پێیەی زۆرینەی میوەجاتی کوردستان لە تورکیاو ئێران و میسڕو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هاوردە دەکرێت.

رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر بە +964ـی وت؛ تا 20 ملیۆن دینارم زەرەر کردووە، بازرگانی تر هەیە تا 80 ملیۆن دینار زیانی کردووە.

رەجەب عەزیز، چۆنیەتی کاریگەری هەڵبەزو دابەزی بەهای دۆلاری بەسەر بازرگانی میوەجات روونکردەوەو ئاماژەی بەوەدا کە بازرگانان بەشیکیان کە زیانیان کردووە، میوەکانیان بە دۆلار دەکڕن و بە دینار دەیفرۆشنەوە، وتی “هەیە میوەکەی کڕیوە، لە فرۆشتنەوەی زیانی نەکردووە بەڵکو لە هەڵکشانی بەهای دۆلار زیانی کردووە، چونکە پارەکەی حەوالە نەکردووە، تا میوەکەی فرۆشتووەو پارەکەی هاتۆتەوە دەست، دۆلار فڕی، زەرەرەکە لێرەیە”.

فەرهاد پەشێو، یەکێکی دیکە لەوانەی لە عەلوەی هەولیر کار دەکات، ئەو قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ؛ کەمترین ئیشم بە دۆلارە، بۆیە رەنگە من زەرەرم نەکردبێت، بەڵام “بازرگان هەیە دەیناسم تا سەرووی 50 ملیۆن دینار زیانی کردووە”.