ئایا یەکێتی و گۆڕان یەکدەگرنەوە؟
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
بەگوێرەی سۆراغی 964+، لە ئێستادا بابەتی یەکگرتنەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە ئارادا نییە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت، هیچ قسەیەک لەسەر یەکگرتنەوەی هەردوو حزب نەکراوە.
لە چەند رۆژی رابردوو، لێدوانێکی ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوکرایەوە، گوایە یەکێتی نیشتمانی کوردستان نوێنەری خۆی ناردووەتە لای بزوتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی یەکگرتنەوەی هەردوو حزب، بەڵام رێکخەری بزووتنەوەکە داواکەی یەکێتی رەتکردووەتەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە 964+ی راگەیاند، وەک مەکتەبی سیاسی هیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ یەککگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان و لەوانەیە هەوڵێکی کەسی بێت ئەو کارە.
وتیشی، “ئەو زەمینەیە دەمێکە هەیە، بەڵام گۆڕانکاری گەورە بەسەر گۆڕاندا هاتووە و پێویستە لێکۆڵینەوەی وردتر بکرێت”.
ئەوەشی خستەڕو، بابەتی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان سروشتیە و ئەو بزوتنەوەیە لە یەکێتی جیابووەتەوە، ئەو کەسانەی لەوێن پلە و پۆستیان هەبووە لەناو یەکێتیدا.
باسی لەوەکرد، دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان خەڵک هەیە جیابووەتەوە لەو بزوتنەوەیە و خەڵک هەیە ئامادەیی هاتنە ناو یەکێتی هەیە، بەڵام هیچ بابەتێکی لەو شێوەیە نەبووە لە ناو مەکتەبی سیاسی باسی یەکگگرتنەوە بکرێت، بە کردنی یان نەکردنی.
لای خۆیەوە، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بە 964+ی وت، لەسەر بابەتی یەکگرتنەوەی هەردوو حزب هیچ شتێکی نەبیستووە و ئاگادار نییە، هیچ باس و خواسێکی لەو شێوەیەش نەبووە.
لەبارەی ئەوەی گەر نیەتێکی وا هەبێت، رەتیکردەوە قسە بکات و وتی، “هیچ قسەیەکم لەسەر ئەو بابەتە نییە”.