"بۆ ئەوەیە خوێندکار دوای تەواوکردن کاری دەستکەوێت"

پێداچوونەوە بە پرۆگرامی خوێندنی زانکۆکان دەکرێت

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریداوە پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆکان بکات و بۆ ئەم مەبەستە سەرقاڵی رێکخستنی کۆنفراسێکن بەئامانجی ئەوەی خوێندکار دوای تەواوکردنی زانکۆ لەبازاڕدا کاری دەستکەوێت.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ 964 قسەیکردووە و دەڵێت، “ئەمساڵ دەستیمان پێکردووە و چەندین لیژنە دروستکراوە و لەمانگی یەکی ئەمساڵ ئەو لیژنەیە دەست بەکار بووە، هەر بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرپەرشتی یەکێک لە سێکتەرەکان دەکات، بۆنمونە بەڕێوەبەرێكی گشتی پسپۆڕ لە وەزارەت سەرۆکی لیژنەیەک دەبێت و هەموو سەرۆک زانکۆکان ئەندام دەبن تیایدا”.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەش دەڵێت، وا بڕیارە لەنزیکترین کاتدا کۆنفراسێک بکرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی هێشتا کاتەکە دیاربێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی وەزارتی خوێندنی باڵا بڵاویکردوەتەوە، وا بڕیارە لە کۆنفراسەکە پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداری بکەن بۆ پێداچوونەوە و پەرەپێدانی پرۆگرامەکان، ئامانجەکە ئەوەیە ئەو پرۆگرامانە ببەسترێنەوە بە پێداویستی بازاڕ و دەرچوانی زانکۆ بە ئاسانی کاریان دەستبکەوێت، زانکۆ حکومی و تایبەتیەکانیش دەگرێتەوە.

عەباس ئەکرەم دەڵێت، بڕیار وایە بەشێک لە پرۆگرامەکان پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و بەشێکی بگۆڕێت و بەشێکی دیکەیان هاوتەریب بکرێت.

لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم بە ئیدارە سەربەخۆکانەوە 18 زانکۆی حکومی و 18 زانکۆی تایبەت هەیە.

خوێندکار دوای دەرچوون دەبێت کاری دەستبکەوێت

خوێندکار دوای دەرچوون دەبێت کاری دەستبکەوێت